لە هەرێم فەتوایەك دەربارەی لەباربردنی منداڵ درا



لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان فەتوایەك دەربارەی لەباربردنی منداڵ دەركرد و دەڵێت: ئەگەر كۆرپەلە لەناو سكی دایكیدا بە بەڵگەی پزیشكی سەلمێندرا مەترسی بۆ سەر ژیانی دایكی هەیە یاخود ناتەواوی جەستەیی یان نەخۆشیەكی ترسناك و درێژخایەنی هەیە، رێگە دراوە لەو كاتانەدا كۆرپەلە لەبارببرێت بەو مەرجەی واژۆكردنی بڕیاری لەباربردنەكە لەلایەن لیژنەی پزیشكی بێت‌ و لە نەخۆشخانەكانی حكومەت ئەنجام بدرێت، دوای وەرگرتنی واژۆی رەزامەندی باوك‌ و دایكی كۆرپەلەكە.

لە وەڵامی نووسراوێكی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 لیژنەی باڵای فەتوا ئەم فەتوایەی كردووە و ئەمڕۆ (22ـی حوزەیرانی 2023) لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان لەسەر داوای بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی و پزیشكان و هاووڵاتییان جارێكی دیكە بڵاوی كردۆتەوە.

وەك لە فەتواكەدا هاتووە، “لەباربردن لەهەر قۆناغێكدابێت پێش گیان لەبەراكردن پەسەند و باش نییە، هەتا ئەگەر هاتوو لە سەراتاكانی دووگیانی ‌و خولقانی كۆرپەلەشەوە بێت بەبێ‌ هۆكار و پاساوێكی دروست‌ و پێویست. بەڵام ئەگەر پاساوێكی دروست ‌و گونجاو هەبوو پێش چوار مانگ دوای لێكۆڵینەوە و بڕیاری لیژنەی پزیشكی، كە ئەو كۆرپەلە دەبێتە هەڕەشە لەسەر گیانی دایكی، یان تووشی نەخۆشییەكی ترسناك ‌و درێژخایەن بووە، وەك دڵ كونی‌، تالاسیما، نەخۆشی گوازراوەی وەك سیل‌، شێرپەنجە‌، تەشوهاتی خەلقی‌ ..هتد. ڕێگە دراوە لەم كاتانەدا لەبارببرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، واژۆكردنی بڕیاری لەباربردنەكە دەبێت لەلایەن لیژنەی پزیشكییەوە بێت ‌و لە نەخۆشخانەكانی حكومەت ئەنجام بدرێت، دوای وەرگرتنی واژۆ و ڕەزامەندی باوك ‌و دایكی كۆرپەلەكە.

هەر بەپێی فەتواكە، “لەباربردنی كۆرپەلە دوای گیان لەبەركردن، هەموو زانایانی فیقهی ئیسلامی یەكدەنگن، كە لەباربردنی حەڕامە و قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە، وەك كوشتنی نەفسێكی بێ ‌تاوان وایە”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە دوو حاڵەتدا دوای گیان لەبەركردن، ڕێگەپێدراوە كۆرپەلە لەباربرێت، “ئەگەر مەترسی بۆ سەر ژیانی دایكەكەی دروست كرد، جا ئەگەر ئەو مەترسییە ڕاستەقینەیەكی پزیشكی بێت نەك گومان، ئەوە لەوكاتەدا دەتواندرێت بڕیاری هەڵبژاردن بدرێت لە نێوان دایكەكە و كۆرپەلەكەدا، پاشان كۆرپەلەكە لەبار ببرێت، چونكە بەرژەوەندی مانەوەی دایك لە پێشترە لە كۆرپەلەكە”.

هەروەها لە حاڵەتی دووەمدا، كاتێك‌ كۆرپەلەكە دوای گیان لەبەركردن، “تووش بووبێت بە نەخۆشییەكی قوڕسی بۆماوەیی، كە لە دوای لەدایكبوونی ژیانی ئەستەم بێت وەك دروستبوونی كۆرپەلە بەبێ‌ سەر، یان بێ‌ مێشك ‌و دەماغ، یان بێ‌ گورچیلە، یان بێ‌ دڵ، هەندێ لە زانایان رێگەیان بە لەباربردنی داوە كاتێك لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكی باوەڕپێكراوی پسپۆڕ بڕیار دەردەچێت”.

كەشوهەوای ڕۆژانی جەژن ڕاگەیەنرا
پێشت كەشوهەوای ڕۆژانی جەژن ڕاگەیەنرا
وەزارەتی پێشمەرگە فۆڕمی وەرگرتنی بڵاوکردەوە
دواتر وەزارەتی پێشمەرگە فۆڕمی وەرگرتنی بڵاوکردەوە
ەیوەندیدار