لیرەی توركی ڕۆژ بەڕۆژ بەهاكەی لەدەست دەدات و بە بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ نزیكەی دوو هێندە بەهاكەی دابەزیوە و ئەوەش هێندەی دیكە هەڵئاوسانی ئابووری لەو وڵاتە زیاد كردووە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا بەهای 100 دۆلار بە 1860 لیرە بوو، بەڵام لەگەڵ نزیك بوونەوە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكی توركیا بەردەوام بەهاكەی ڕووی لە دابەزین كرد و لەكاتی هەڵبژاردن لە مانگی ئایار و دەرچوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆكی ئەو وڵاتە بەهای دراوی ئەو وڵاتە زیاتر دابەزی.
دانا وەرتی، شارەزا لە بواری زێڕ و دراو بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كاتێك ئەردۆغان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە و بووەوە بە سەرۆكی توركیا، پێشبینی دابەزینی زیاتری بەهای لیرەی توركیم كرد و وتم “چاوەڕێی داڕووخانی لیرە بن”.
وتیشی، “ئەو كاتە بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 1998 لیرە، بەڵام ئێستا بەهاكەی بەتەواوی داڕووخاوە و بووە بە 2433 لیرە”.
ڕوونیشی كردەوە، بە بەراورد بە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، بەهای دراوی ئەو وڵاتە 435 لیرە دابەزیوە ئەوەش تەنها لەماوەی 25 ڕۆژدا.
تا دێت بەهای لیرەی توركیا دادەبەزێت و قەبارەی هەڵئاوسانی ئابووری زیاتر دەبێت و ئەوەش قەیرانێكی دارایی قورسی بەسەر ئەو وڵاتەدا هێناوە و ئەردۆغانیش بەردەوام جەخت لە “كۆنتڕۆڵ كردنی هەڵئاوسانی ئابووری” دەكاتەوە و هاوكات، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی كاری ئەو وڵاتە بڕیاریدا بەڕێژەی 35% مووچەی كارمەندانی كەرتی گشتی زیاد بكات.