سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانەوە پەیامێك بە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت: لەگەڵ كەمئەندامان كۆببنەوە تا لە نزیكەوە گوێتان لێمان بێت.
سامان حسێن، سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەینێ 3-12 ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانە و بەو هۆیەشەوە پەیاممان بۆ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لە (ڕێواز فایەق، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی) هەیە.
ڕاشیگەیاند، داواكارین ئەو بەرپرسانەی هەرێم تەنها لەبەر حورمەتی زیاتر لە (120) هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت پەیامیان هەبێت و هەریەكێكیان لەلای خۆیەوە هەوڵی كۆبوونەوەیەك بدەن لەگەڵ نوێنەری سەرجەم ڕێكخراوە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان.
وتیشی، “دەمانەوێت لە نزیكەوە داوا و پێشنیار و ڕەخنەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بگەیەنن بە بەرپرسانی هەرێم تاوەكو ئاوڕێك لە ژیانیان بدرێتەوە”.