لیژنەی دەستنیشانكردنی كەمترین كرێی كار لە توركیا بڕیاریدا كرێی فەرمانبەرانی حكومی بە ڕێژەی ٣٥٪ زیاد بكرێت و بەپێی ئەو بڕیارەش كەمترین كرێی فەرمانبەران دەبێتە ٤٨٣ دۆلاری مانگانە.
لیژنەی دەستنیشانكردنی كەمترین كرێی كار لە توركیا دوای كۆبوونەوەی بە ئامادەبوونی وەزیری كار و كۆنفیدراسیۆنی كرێكاران و كۆنفیدراسیۆنی خاوەنكاران، بڕیاریدا لە ١ی تەمموزی ٢٠٢٣ەوە بە تێكڕایی كەمترین كرێی كار بكرێت بە ١٣ هەزار و ٤١٤ لیرە، كە ١١ هەزار و ٤٠٢ لیرەی كرێی كەمترین كارە دوای لێدەركردنی باج و ڕسومات و خزمەتگوزارییەكانی دیكە.
وەدات ئشكهان، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی توركیا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، “هاوكارییەكانمان بۆ شەش مانگی ڕابردوو بە بەهای ٤٠٠ لیرە بووە بۆ ئەوانەی كەمترین كرێی كار وەردەگرن و بۆ شەش مانگی داهاتوو دەكرێت بە ٥٠٠ لیرە و بەردەوام دەبێت”.
بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركی و بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵئاوسانی ئابووری لەو وڵاتەدا، نرخی خۆراك و كاڵا و شمەك بەرزبۆتەوە و ئەوەش حكومەتی توركیای ناچار كرد مووچەی فەرمانبەران زیاد بكات.