سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە توركیا و لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدای ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ سێ شەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی تورکیا خواست.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کرا.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھاریکاری و هەماهەنگیی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: “ئەمڕۆ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومهوه و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد.”