هەریەكە لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان پشووی جەژنی قوربان دیاری دەكەن، كە 6 ڕۆژ دەبێت.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە 6 ڕۆژ بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بكرێتە پشووی فەرمی.
ڕوونیشی كردۆتەوە، پشووی جەژنی قوربان لە ڕۆژی سێ شەممە 27ی حوزەیرانەوە دەستپێدەكات و تاوەكو ڕۆژی یەك شەممە 2ی تەمموز بەردەوام دەبێت و ڕۆژی دوو شەممە دەوام دەستپێدەكاتەوە.
لای خۆشیەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خشتەی پشووە فەرمییەكاندا پشووی جەژنی قوربانی دیاری كردووە، كە لە ڕۆژی چوار شەممە (یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان) 28ی حوزەیران دەستپێدەكات و تاوەكو ڕۆژی یەك شەممە 2ی تەمموز بەردەوام دەبێت.
بەڵام وەك نەریتێكی ساڵانە و هاوشێوەی جەژنی ڕەمەزان، حكومەتی هەرێم ڕۆژی عەرەفەش دەكاتە پشووی فەرمی و بەوەش لە ڕۆژی سێ شەممەوە پشووەكە دەستپێدەكات و بڕیاریشە سبەینێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێ بدرێت.