لەسەر نەوتی هەرێم بەغدا دانوستان دەکات و ئەنقەرە فشار



ڕۆژنامەیەکی عەرەبی وردەکارییەکانی یەکەمین کۆبوونەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، ئاشکرا دەکات و دەڵیت؛ بەغداد خەریکی دانوستانە و ئەنقەرەش فشار دەکات.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی “ئەلعەرەب” کە بنکەکەی لە لەندەنە، دانوستانی بەرپرسانی عێراقی لە کەرتی وزە و شاندێکی تەکنیکی تورکیا لە بەغدا هیچ پێشکەوتنێکیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەدەستنەهێناوە.

 

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “شکستی کۆبوونەوەکە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئەو بابەتە پرسێکی سیاسییە، هەربۆیە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆبوونەوەیە، بە بڕوای چاودێران، بێ کەڵکە”.

 

کۆبوونەوەکە دوای زیاتر لە دوو مانگ لە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لەوە دەکرێت ئەو بابەتە ماوەیەکی زۆری دەوێت، چونکە تورکیا هەوڵدەدات دۆخەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر بەغدا سەبارەت بەو قەرەبووکردنەوەیەی کە ئەنقەرە بڕیارە بیدات.

 

بەرپرسێکی نزیک لە دانوستانەکان کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتویەتی: تاوتوێی سەرجەم لایەنە تەکنیکیەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکەین، بەڵام بۆ بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت پێویستە کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدەین.

 

دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانی دەرکرد، تورکیا لە ٢٥ی ئازاردا هەناردەکردنی هەرێمی بە بڕی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگرت.

 

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەداوە، تورکیا ئامادەیە دانوستان لەسەر ئەو بڕە قەرەبووە بکات کە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاریداوە لایەنی تورکی بیدات.

 

بڕیارەکەی تورکیا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دوای بڕیارێک هات کە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد کە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی ئەو زیانانە بداتەوە کە بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بە بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ بەر بەغدا کەوتووە.

 

ئەو بەرپرسە دەڵێت، “بڕیارى دەستپێکردنەوەى هەناردەی نەوت پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەسەر ئاستە باڵاکان، چونکە ئاستەنگەکانى دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنى نەوت زیاتر سیاسین نەک تەکنیکى”.

 

هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردووی سەرۆکایەتی تورکیا و گفتوگۆکانی نێوان کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی حکومەتی عێراق (سۆمۆ) و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێکەوتنێکی هەناردەکردنی نەوت کە بەم دواییە گەیشتبوونە ئەنجام دواکەوتن، بەڵام ئاماژەکانی ئێستا ئەوە دەخەنەڕوو، کە تورکیا ڕێگە بە گەڕانەوەی خێرا بۆ هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکەیەوە نادات.

 

چاودێران پێیان وایە داواکارییەکانی تورکیا تەنها بە کەمکردنەوەی ئەو قەرەبووە سنوردار نییە کە دەبێت بیدات و فشار و داخوازی دیکەشی دەبێت.

سەرۆك کۆمار کارتی بایۆمەتری نوێ کردەوە
پێت سەرۆك کۆمار کارتی بایۆمەتری نوێ کردەوە
بەهای دۆلار دابەزی
دوات بەهای دۆلار دابەزی
پەیوەنیدر