لە ئێرلەندا، زیاتر لە ٩٠ هەزار دۆلار وەربگرە و لە دورگەیەکدا بژی



حکومەتی ئێرلەندا پلانێکی ڕاگەیاندووە بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە بیست دوورگەی دوور لە زەریای ئەتڵەسی لە ڕێگەی هاوکارییەکانی کە نزیکەی ٩٢ هەزار دۆلارە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڕوو لەو دوورگانە بکەن.

 

یەکێک لە دوورگەکان بریتین لە ئینیس مۆر، کە فیلمی “The Banshees of Inisherin” ی تێدا وێنەگیرا و لە ساڵی ٢٠٢٢دا پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسکار، کە سەر بە دوورگەکانی ئارانە لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئێرلەندا.

 

ئەم دوورگانە زۆرجار بەهۆی دیمەنە سەرنج راکێش و مێژووەکانیانەوە شوێنێکی گەشتیارین، بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتوانی دوورگەکان کەمیکردووە، بەپێی سەرژمێری حکومەتی نوێی ئێرلەندا، ئێستا کەمتر لە ٣ هەزار کەس لەسەر خاکی ئەو دورگانە دەژین.

دوورگەکان بۆ لایەنی گەشتیاری گرنگن، ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس سەردانیان دەکەن ، ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە بەرامبەر بە ژیان لە دوورگە.

 

لە پلانەکەی حکومەتدا ئاماژە بەوە کراوە، ” نیگەرانی بەردەوامی خەڵک، ئەوەیە دوورگەکان، چ لەسەر ئاستی نیشتمانی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پارێزراوبن، “نیشتەجێی دوورگەکان بەگشتی تەمەنیان لە سەرووی مامناوەندەوەیە، لە کاتێکدا زۆرێک لە گەنجان دوورگەکان بەجێدەهێڵن بۆ ئەوەی سوود لە خوێندنی زیاتر یان هەلی کار لە شوێنەکانی دیکە وەربگرن”.

حکومەتی ئێرلەندا چەند پێشکەش دەکات؟

بەپێی وتەی بەرپرسێک، ئێرلەندا تا نزیکەی ٩٢ هەزار دۆلار (٨٤ هەزار یۆرۆ) پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە “بینایەکی جێهێڵراو” لە یەکێک لە دوورگەکاندا نۆژەن دەکەنەوە، ئەو کەسانەی کە موڵکی چۆڵ چاک دەکەنەوە دەتوانن تا نزیکەی ٦٧ هەزار دۆلار (٦٠ هەزار یۆرۆ) بۆ نۆژەنکردنەوەیەک وەربگرن.

 

ئێستا حکومەت پارەی زیاتر دەدات بە دوورگەکان لە چوارچێوەی پلانی ١٠ ساڵەی بۆ ڕاکێشانی دانیشتوانی زیاتر بۆ ئەوەی ڕوو لە دوورگەکان بکەن.

 

ئایا بیانییەکان دەتوانن موڵک لە ئێرلەندا بکڕن؟

بەڵێ، چونکە هیچ مەرجێکی نیشتەجێبوون نییە بۆ کڕینی موڵک لە ئێرلەندا، بەپێی ڕاگەیەنراوی حکومەت، بەڵام کڕینی موڵک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مافی نیشتەجێبوونت لە ئێرلەندا پێ نادات.

 

هەروەها دەتوانرێت داوای مۆڵەتی کارکردن بکرێت، لەکاتێکدا ئەوانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان لە ئێرلەندا بکەن یان کارێک لەوێ دەستپێبکەن دەتوانن شایستەی نیشتەجێبوون بن.

تۆمەتبارێك لەسەر سکاڵای سێ هاووڵاتی دەستگیركرا
پێشت تۆمەتبارێك لەسەر سکاڵای سێ هاووڵاتی دەستگیركرا
وەزیری پەروەردە کاتی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان ئاشکرادەکات
دواتر وەزیری پەروەردە کاتی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان ئاشکرادەکات
ەیوەندیدار