ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێر ئاگرێكی گەورە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ كەوتۆتەوە و بەهۆیەوە بە هەزاران دۆنم دارستان و پووش و پاوان و ڕەزی 5 گوندی سووتاندووە.
ستار محەمەد، كە خەڵكی گوندی نۆڕەباب-ە لە شارباژێڕ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئاگرەكە لەدوێنێ وە لە فراوانبووندایە و پووش و پاوان و دارستان و ڕەز و باخی جوتیارانی لە سنووری 5 گوند سووتاندووە، كە بریتین لە گوندەكانی نۆڕەباب و سێونگ و پیرێسك و بەیانان و سیاوەشان.
ڕاشیگەیاند، سەرجەم لایەنە پیەوەندیدارەكان لە بەڕێوەبەری ناحیە و پۆلیسی دارستان و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لە سنوورەكەدان و هەوڵی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكە دەدەن، بەڵام بەهۆی بوونی بای بەهێزەوە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كردنی زەحمەت بووە.
ئاشكراشی كرد، پێكهاتەی ناوچەكە چیایی و سەختە و ئەوەش وایكردووە شۆفڵ و ئامێری دیكە نەتوانن بە ئاسانی كاری تێدا بكەن و چەندین ناوچەش مین-ی تێدایە و ناتوانرێت لێی نزیك ببنەوە.
وتیشی، “چەند ناوچەیەك ئاگربڕ كراوە، بەڵام بەهۆی باوە ئاگرەكە دەگوازرێتەوە و مەترسی بۆ سەر ژیانی گوندنشینان دروست كردووە”.