بەپێی ئەو بەیاننامانەی کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، سێ کۆمپانیای قەتەڕی و کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتمانی عێراق ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدان بە چەند پڕۆژەیەکی ناو عێراق کە بەهاکەیان دەگاتە 9.5 ملیار دۆلار، لەوانەش دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا کە بە هەردووکیان 2400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
کۆمپانیای یو سی سی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە کۆمپانیای یو سی سی و کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی عێراق هاوبەشییەکی 25 ساڵییان لە کەرتی تایبەت و گشتیدا واژۆ کردووە کە پەیوەستن بە دوو وێستگەی کارەباوە، بڕی تێچووی خەمڵێنراویش بۆ هەردوو وێستگە 2.5 ملیار دۆلارە.
عێراق لەئێستادا کارەبا و گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لە سەدا 40 ی کارەبای عێراق لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت ، بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژانە عێراق لەڕووی وزەوە کەمتر پشت بەئێران دەبەستێت.
کۆمپانیای( ئیستیثماری )قەتەڕی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی عێراق و کۆمپانیاکە کە بنکەی سەرەکی لە قەتەڕە چەند گرێبەستێکییان واژۆ کردووە کە بەهاکەیان دەگاتە 7 ملیار دۆلار، ئەوەش بە مەبەستی دروستکردنی نەخۆشخانە و پەرەپێدان بە ” دوو شاری نوێی گشتگیر ” و دروستکردنی زنجیرەیەک لە هۆتێل کە بە هەموویانەوە 10,000 ژوور لە خۆدەگرن.