ته‌نها دوێنێ 374 كۆچبه‌ری نایاسایی په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ به‌ریتانیا



ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، له‌سه‌ره‌تای ئەمساڵەوە، پتر له‌ ده‌ هه‌زار كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵی ئینگلیز، به‌ به‌له‌می بچووك،‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ به‌ریتانیا.

ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، كه‌ پشتی به‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا به‌ستووه‌، ڕایگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ (2023)، پتر له‌ ده‌هه‌زار كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ ڕێگه‌ی كه‌ناڵی ئینگلیز، په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ و به‌له‌می بچووكیان به‌كارهێناوه‌ ، و ته‌نها دوێنێ له‌ رێگه‌ی حه‌وت به‌له‌مه‌وه‌، 374 كۆچبه‌ری نایاسایی په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ به‌ریتانیا.

ئاژانسەکە ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، به‌هۆی سه‌قامگیری كه‌شوهه‌واوه‌ ڕێژه‌ی گه‌یشتنی كۆچبه‌ری نایاسایی بۆ به‌ریتانیا به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا له‌نێوان 10 تاكو 17ـی ئه‌م مانگه‌، 2500 كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ رێگه‌ی به‌له‌می بچووكه‌وه‌، له‌ فه‌ره‌نساوه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ به‌ریتانیا.

له‌ ئێستاشدا حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی پارێزگاران ڕێگری له‌ هاتنی كۆچبه‌ری نایاسایی ده‌كات، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی كه‌ناڵی ئینگلیز ده‌گه‌نه‌ به‌ریتانیا، مافی په‌نابه‌رێتییان پێنادات، یاخوود له‌ داهاتوودا بیرۆكه‌ی ناردنی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ بۆ رواندا جێبه‌جێ ده‌كات.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، سەرۆکوەزیری بەریتانیا ریشی سوناک ڕایگەیاندبوو، حکومەتی بەڕیتانیا سەدان پەنابەری دیکە لە نێو بەلەمەکاندا نیشتەجێ دەکات و ده‌ڵێت: “نیشانی ده‌ده‌ین كه‌ پلانەکانمان بۆ رێگریكردن له‌ بەلەمە بچووکەکان و كۆچبه‌ری نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزدا چۆن ده‌بێت”.

کەناڵ ئینگلیز یەکێکە لە هەرە قەرەباڵغترین رێرەوە دەریاییەکان لە جیهاندا، و رۆژانە کەشتییە بازرگانیی و گەشتیارییەکان لەنێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا هاتووچۆ دەکەن. ، قاچاخچییەکانیش چەندین ساڵه‌ ئەم رێگەیە وەک دەرفەتێک بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەری نایاسایی لەڕێگەی بەلەمەوە بەکاردەهێنن.

 

عێراق موڵەتی گەڕان بەدوای غاز  ڕادەگەیەنێت
پێت عێراق موڵەتی گەڕان بەدوای غاز ڕادەگەیەنێت
لە سعودیە مانگ بینرا و یەكەم ڕۆژی جەژن دیاریكرا
دوات لە سعودیە مانگ بینرا و یەكەم ڕۆژی جەژن دیاریكرا
پەیوەنیدر