هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر توانیان لە ماوەیەكی كەمدا ئەو كەسەی لە دادگای كۆیە تەقەی كرد دەستگیربكەن و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش، روداوەكە لەسەر كێشەی قەرز بوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “كاتژمێر 11:15 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر كێشەی قەرزداری و بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پارەكەی تۆمەتبار ( خ ، س ، ع ) لەبەردەم دادگای كۆیە تەقە لە هاوڵاتی (ك ، ع ، ی) دەكات و بەسوكی برینداری دەكات، چونكە ناوبراو كەفیلی كوڕە قەرزدارەكەیەتی كە پیشەی ( پارێزەرە).
ئاماژەی بەوەشكردوە، “پاش هەڵاتنی تۆمەتبار دەستبەجێ لەسەر فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە ماوەیەكی كەمدا دەستگیری دەكەن .
ئەوەشیخستەڕو، “لە ئێستادا تۆمەتبار ڕاگیراو و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە لەبەردەم دادگای كۆیە تەقە لە پارێزەرێك و باوكی كرا و بەهۆیەوە باوكی پارێزەرەكە گوللـەیەك بەر قاچی كەوت و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆکرا.