ليژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر ئامادەسازی بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەکاتەوە و ئەندامێکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت، دەستوەردانی سیاسی هەیە بۆ دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاساکە.
بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و غازی فیدراڵی تەواوبووایە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە، بەڵام لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسا، نەوت و غاز و دارایی پێکهێندراوە و هەنگاوێکی باشیان بڕییوە لە نووسینی رەشنووسی یاساکە.
زەینەب جومعە موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) رێگەی خۆشکرد بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەوانەش یاسای نەوت و غازی فیدراڵی.
لەبارەی گرنگی ئەو یاسایە، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای نەوت و غاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەکات سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز و گرێنتی پاراستنی مافەکانی هەردوولاش دەکات.
موسەوی ئاشکرایکردووە، لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە زەمینەسازی دەکات بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت غاز، باسی لەوەشکرد، دەستوەردانی سیاسی هەیە بۆ دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز لەناو پەرلەمانی عێراق و هەندێک لایەنی سیاسییش نایانەوێت کێشە ئابوورییەکانی عێراق چارەسەربن.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، دواتر شەندێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران سەردانی بەغدای کرد و ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە،
دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە.