سەعدی پیرە: پەرلەمان و کۆمسیۆنمان نەماوە تا هەڵبژاردن بکرێت



ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیەنێت، بە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پەرلەمان و کۆمسیۆنی نەماوە، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەوێتە ئەستۆی کۆمسیۆنی عێراق و داواش دەکات لیکۆڵینەوە لە دەنگدانەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت لەسەر بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە.

ئەمڕۆ شەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گرژی کاتی بودجە تەواو بووە و ئێستا کاتی رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمانە بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن.

وتیشی: “پرسی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا بووەتە پرسێکی سیادی و پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان لایەنەکان نامێنێت”.

ئاماژەشیدا بەوەی لە دوای پەسەندکردنی بودجەوە، دەتوانرێت سوود لە باشبوونی دۆخی دارایی و ئابووری عێراق وەربگیرێت بۆ رەخساندنی هەلی کار و جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە.

سەعدی پیرە داواشیکرد لێکۆڵینەوە بکرێت دەربارەی دەنگدان لەسەر بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پەرلەمانی عێراقدا “بۆ ئەوەی بزانرێت  ئایا راستە ئەو بڕگەیە دەنگی نەهێناوە؟”.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، ئێستا پەرلەمان و کۆمسیۆنمان نەماوە تا هەڵبژاردن لەدەست ئەواندا بێت، بۆیە دەبێت کۆمسیۆنی عیراق ئامادە بێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە.

لە بارەی کاتەکەش روونیکردەوە کە ئەوە ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستنیشان بکات.

تانکەرێکی سووتەمەنی گڕیگرت
پێشت تانکەرێکی سووتەمەنی گڕیگرت
شوێنەوارێك لە سلێمانی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە
دواتر شوێنەوارێك لە سلێمانی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە
ەیوەندیدار