“نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە لە جیهاندا”



سەرۆکوەزیرانی عێراق، محه‌مه‌د شیاع سوودانی رایگەیاند، نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە لە جیهاندا، و گرنگی خۆی هەیە لە سیاسەت و ئابووری و گەشەپێدان و ژینگەدا، هەروەها گرنگی خۆی هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی پشتی پێدەبەستن، بۆ بەرهەمهێنان یان بەکارهێنان.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی  راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمێک کە بە بۆنەی یادی ٦٣ ساڵەی بەستنی کۆنگره‌ی دامەزراندنی رێكخراوی ئۆپێک لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەش کرد.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەخێرهاتنی میوانانی ئه‌ندامانی ئۆپێکی له‌وەزیرانی نەوت کرد، و یەکەم هه‌نگاوی دامه‌زرێنه‌رانی رێکخراوەکەی بەر لە ٦٣ ساڵ پێش ئێستا وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئۆپێک بووەتە یەکێک لە گرنگترین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

 

سوودانی باسی لە گرنگی نەوت وەک سەرچاوەکی سەرەکی وزە لە جیهاندا کرد و وتی “نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە لە جیهاندا و گرنگی خۆی هەیە لە سیاسەت و ئابووری و گەشەپێدان و ژینگەدا، هەروەها گرنگی خۆی هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی پشتی پێدەبەستن، بۆ بەرهەمهێنان یان بەکارهێنان”.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دامەزراندنی ئۆپێک کرد و رایگەیاند “کاتێک ئۆپێک دامەزرا، سامانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا قۆرخکارەکانەوە بەڕێوەدەبرا کە وایکردبوو وڵاتان سەروەریی و کاریگەریی خۆیان لە بازاڕی نەوتدا لەدەست بدەن”.

وتیشی “ئێستا ئەندامانی ئۆپێک بە سەروەرییەکی تەواوەوە پلانی نەوت و بەرهەمهێنان و پیشەسازی خۆیان بەڕێوەدەبەن و سیاسەتی نەوتی خۆیان دادەڕێژن”.

 

محەمەد شیاع سوودانی باسی لە بەرپرسیارییەتی ئۆپێک کرد و گوتی “بەرپرسیارێتی رێکخراوەکە لە سنوورەکانی هەناردەکردندا کۆتایی نایەت، بەڵکو درێژدەبێته‌وه‌ بۆ پرۆسەکانی رێکخستنی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی نرخ، بەمەبەستی گەیشتن بە نرخێکی دادپەروەرانە بۆ بەرهەمهێنەران و بەکاربەران”.

 

سوودانی لەبارەی گازی سرووشتییەوە رایگەیاند “هاتنە ناوەوەی گازی سرووشتی و گازی هاوەڵ بۆ ناو بازاڕی وەبەرهێنانی وزە بەرپرسیارێتی نوێی بۆ وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک زیادکردووە”.

 

راشیگەیاند “گاز بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زۆرێک لە پیشەسازییەکان، ئەمەش پێویستی بە وڵاتانی ئەندام هەیە ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە، لەبەرچاو بگرن”.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئاگاداربوونی حکوومەتەکەی لە دۆسیەی وزە گوتی “حکوومەت هەر لە پێکهێنانییەوە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە ئاگاداری دۆسیەی وزە بووە، لە پێش هەموویان ئەوەی پەیوەندی بە نەوت و گازی سرووشتی و گازی هاوەڵەوە هەیە”.

 

سوودانی باسی لەوەکرد کە عێراق ساڵانێکی زۆرە، پشتی بە نەوت بەستووە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ئابووری و پارە، و گازی سروشتی و گازی هاوەڵی پشتگوێ خراوە، ئەمەش دەرفەتی گەشەپێدانی زۆری لەدەستداوە، هەروەها کاریگەرییە ژینگەییەکانی هاوەڵی پیشەسازیی نەوتیشی لەدەست داوە”.

 

سوودانی لەبارەی رێککەوتنەکانی وڵاتەکەی لە بواری وزەدا وتی “هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزەدا کراوە، لەوانەش رێککەوتنی ئەم دواییەی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی، بۆ بەدیهێنانی یەکگرتن لە وەبەرهێنانی وزە، هەروەها بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندامێکی کارا لە بازاڕی گاز لە چەند ساڵی داهاتوودا”.

 

لەبارەی وەبەرهێنان لە بواری گازدا، سوودانی وتی “وەبەرهێنان لە گاز کۆتایی بە بەهەدەردانی سامانی گاز دەهێنێت کە تێچووی ساڵانەی نزیکەی چوار ملیار دۆلارە بۆ عێراق”.

 

سوودانی رایگەیاند، کارئاسانیکردن بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیان داناوە.

 

وتیشی “ئەمڕۆ جیهان بەدوای ئەڵتەرناتیڤەکانی وزەی کۆندا دەگەڕێت، و بەرەو سەرچاوەی وزەی جێگرەوە دەڕوات، کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەبێتە رکابەری نەوت و گاز”.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت لەمەودوا ئامادەکاری بکەن، و پلان دابنێن بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ گۆڕنکارییە جیهانییەکان بەرەو جێگرەوەکانی وزە.

ئەڵمانیا مووشەکی دیکەی پاتریۆت بۆ ئۆکراینا دەنێرێت
پێشت ئەڵمانیا مووشەکی دیکەی پاتریۆت بۆ ئۆکراینا دەنێرێت
ئەمریکا یەکێک لە ژێردەریاییە گەورەکانی لە کۆریای باشوور جێگیر دەکات
دواتر ئەمریکا یەکێک لە ژێردەریاییە گەورەکانی لە کۆریای باشوور جێگیر دەکات
ەیوەندیدار