کارەبای سلێمانی دەڵێت؛ ئەمڕۆ هەینی ١٦ – ٦ – ٢٠٢٣، پرۆسەی چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر کۆتایی هات و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە پێگەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاگەیەنراویكی وەزارەتی کارەبای بڵاویردووەتەوە وئاماژەی بەوەداوە، پرۆسەی چاكسازیی کۆمپانیای داناگاز لە كێڵگەی كۆرمۆڕ كۆتایی هات و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو؛ بەهۆی پرۆسەی چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆر لە رۆژی ٢٢/٥/٢٠٢٣، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز كەم ببووەوە و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا و ماوەكانی پێدانی كارەبا كردبوو.
ڕاگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، بڕیاربوو لە رۆژی سێی ئەم مانگە پرۆسەیە تەواو بێت، بەڵام بەهۆی هەندێ گرفتی تەكنیكی، پرۆسەکە درێژ کرایەوە، ئەمڕۆ (١٦) حوزەیران پرۆسەی چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر کۆتایی هات و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەوە.
بەپێی ڕاگەیانراوەکە، وەزارەتی كارەبا سوپاسی پشوودرێژی هاووڵاتیان بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەکانی چاکسازیی وێستگەکان و کێڵگەکان دەکات، کە ئەم پرۆسە چاکسازییە هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواست لەسەر کارەبا.
هەروەها سوپاسی تیمەكانی هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان دەكات، کە توانیویانە وێڕای كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و خۆگونجاندن لەگەڵ پرۆسەی چاكسازیی کۆمپانیای داناگاز لە کێلگەی کۆرمۆر، نەیانهێشت كاریگەری لەسەر سیستمی كارەبا هەبێت.