سبەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەردانی تاران دەکات



میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، رۆژی ١٧ی ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان بەسەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران.

 

دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تاران کە لە ساڵی ٢٠١٦دا پچرابوو، ئەمە یەکەمجارە گەورە بەرپرسێکی سعوودیە سەردانی ئێران دەکات.

 

میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەداوە، فەیسەڵ بن فەرحان لەمیانی سەردانەکەی بۆ تاران یەک رۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

 

بەپێی میدیاکانی ئێران، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان لەمیانی سەردانەکەی بۆ تاران، کردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەی وڵاتەکەی لە ئێران رادەگەیەنێت.

 

تا ئێستا سعوودیە ھیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی فەیسەڵ بن فەرحان بۆ تاران بڵاونەکردووەتەوە.

 

لە دووی کانووی دووەمی ۲۰۱٦دا سعوودیە ٤۷ کەسی بە تاوانی “تیرۆر” لەسێدارەدا کە یەکێکیان زانای ئایینی شیعی، نەمر ئەلنەمر بوو.

 

بەرپرسانی ئێران کاردانەوەی توندیان بەرامبەر لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر دەربڕی، دواتر لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشھەد، سوتێندران.

 

بەم شێوەیەش پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران کە ماوەی ساڵێکبوو بەھۆی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە ئاڵۆزبوون، بەتەواوی پچڕان.

 

لە نیسانی ۲۰۲۱دا بەرپرسانی ھەردوو وڵات، بە نێوەندگیری عێراق و عوممان، لە شاری بەغداد کۆبوونەوەیەکیان ساز کرد و کۆبوونەوەکان دواتریش ھەر درێژەیان ھەبوو.

 

دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ تاران و ریاز لە ۱۰ی ئاداردا لە پەکینی پایتەختی چین رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە تایبەت بوو بە دەستکردن بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ماوەی دوو مانگدا.

 

لەم چوارچێوەیەشدا ھەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و ھاوتا سعوودییەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان لە شەشی نیساندا لە پەکین کۆبوونەوە و دەربارەی ئاسانکاری کردن بۆ پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتییانی یەکتر، دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانە و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، رێککەوتن.

 

ئێران لە ٢٣ی ئایاردا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، عەلی رەزا عینایەتی وەک باڵیۆزی ئێران لە ریاز راگەیاند، لە شەشی حوزەیرانیشدا باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرایەوە.

چین ٤١ مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد
پێشت چین ٤١ مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد
مێسی خێراترین گۆڵی لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا تۆمار کرد
دواتر مێسی خێراترین گۆڵی لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا تۆمار کرد
ەیوەندیدار