“چەق بەستووییەک لە هەرێمدا درووستبووە”



مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق و ئەو دۆخەی لە هەرێم دروست بووە، زیان بە قەوارەی هەرێم ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە نوێنەری خەڵک دەگەیەنێت و وا دەکات پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی عێراقی زیاتر دەستیان کراوەبێت بۆ دەستوەردان لە کاروباری هەرێم، بەهۆی ئەوەی کە وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەرچووە و حکوومەتێکی کاربەڕێکەر هەیە، ئەمەش وای کردووە کە چەقبەستووییەک دروست بێت لە هەرێمدا.

 

نووسەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی بەشی راگەیاندن، عەدالەت عەبدوڵڵا لە پەراوێزی سمینارێکدا کە هەر لەم بارەیەوە ساز درابوو، لە لێدوانێکدا وتی؛ “سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق، بڕیارێکە ئێمە هەموومان دەزانین کە بەپێی ماددەی ٩٤ی دەستوور، هەموو بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری پابەندکارن، واتە ناتوانرێت تانەیان لێ بدرێت، بەم پێیەیش بژاردە لە بەردەم لایەنە کوردستانییەکان بژاردەیەکی دیکەیە نەک رەتکردنەوەی بڕیارەکە، ڕاستە تائێستا هەڵوێستێکی فەرمییان نەنواندووە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوەی چاوەڕوانکراوە ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکان بێنە ژێر باری پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و لەگەڵیشیدا هەوڵی رێککەوتن بدەن لەسەر هاوکێشەیەک و بە رێککەوتن بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەوەش لە رێگەی جڵەوکردنی ئەو ناکۆکی و جیاوازییانەی لەنێوانیاندا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەو گیروگرفتانەی لە قۆناغەکانی رابردوو لەنێوانیاندا هەبووە و بووەتە مایەی ناکۆکیی نێوان ئەو هێزە سیاسییانە”.

 

لەبارەی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وابوو، کە لە بابەتی هەڵبژاردندا، ئێستا کێشەیەکی گەورە درووست بووە، بۆشاییەکی دەستووریی و تەشریعی لە هەرێمی کوردستاندا درووست بووە، چونکە پەرلەمانی کوردستان سەنەدی دەستووری نەماوە لە عێراقدا، هەر بڕیار و یاسایەک دەربکات هیچی جێبەجێ نابێت و دەڵێت “لە راستیدا هەمووبڕیارەکانی هەرێم بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدرێت، ئەوەشی لەو ماوەیەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی تیادا تازە کراوەتەوە، هیچی بە رەوا و شەرعی نازانرێت، بۆیە گرفتێکی گەورە بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا درووست بووە، ئەم گرفتە رەنگە لە ئێستادا پەیوەندی بەوەوە هەبێت ئەو کۆمیسیۆنەیش کە متمانەی پێدرایەوە، ئەویش بەپێی کارپێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ناتوانێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکات، دەمێنێتەوە سەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

 

ناوبراو دەڵێت؛ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەبێت هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بکات و ئەرکێکی زۆری لەسەر شانە، نازانرێت تا ئێستا بەو رادەیە پشتگیری و پشتیوانی کۆمیسیۆن دەکرێت بتوانێت لە هەمان کاتدا کە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدات و سەرپەرشتی بکات، ئەمە تائێستا روون نییە چونکە وەڵامێکی فەرمی نەگەیشتووە بە هەرێمی کوردستان، راستە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە داواکراوە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە، چونکە ئەوە پێویستی بە رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، پێویستی بە پاڵپشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، پێویستی بە ئامادەباشی خودی کۆمیسیۆن هەیە، کە لە راستیدا بەم زووانە و بەئاسانی یەکلایی نابێتەوە”.

 

سەبارەت بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دۆخە تا چەند زیانی هەیە بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، عەدالەت عەبدوڵڵا پێی وایە کە زیانەکان رەنگە زیاتر لە روانگەی ئەوەوە بێت کە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم کەوتوونەتە بۆشایی یاسایی و تەشریعی و دەستوورییەوە و دەڵێت، “پەرلەمان کاتی کۆتایی هاتووە، کە پەرلەمانیش کاتی کۆتایی هات واتە ئەو حکوومەتەیش کە لەسەر دەستی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و متمانەی پێدراوە دەبێتە حکوومەتێکی کاربەڕێکەر و سەرۆکایەتیی هەرێم کاتی تەواو دەبێت، واتە لەم روانگانەوەیە باسی قەوارەی هەرێم دەکرێت کە دامەزراوە فەرمییەکانی دەکەونە بۆشاییەوە و ناتوانن سیفەتی فەرمی و دانپیادانراو و دەستووریی وەربگرن، ئەگینا وەکو قەوارەکە هەر وەکو خۆیەتی و لە جێی خۆیەتی، واتە زیان بە خەڵک ناگات، بەڵکو زیان بە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک دەگات، زیان بە قەزیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگات، زیان بەوە دەگات کە رەنگە بە هۆی ئەو بارودۆخانەوە دەرفەتێک بکرێتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەداخولاتی زیاتر بکەن لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا و بەم شێوەیە زیان بەر قەوارەکە بکەوێت”.

زامنی سەرەکیی نەگواستنەوەی  ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون، بەرهەمهێنانی گۆشتە لە کوشتارگە فەرمییەکاندا
پێت زامنی سەرەکیی نەگواستنەوەی ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون، بەرهەمهێنانی گۆشتە لە کوشتارگە فەرمییەکاندا
کۆمسیۆنی هەرێم: ٣ مانگە دەرماڵەیەك بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران خەرجدەکرێت
دوات کۆمسیۆنی هەرێم: ٣ مانگە دەرماڵەیەك بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران خەرجدەکرێت
پەیوەنیدر