بانكی ڕافیدەینی عێراقی بڕیاریدا بە پێدانی قەرزی خانووبەرە بە سەرجەم فەرمانبەران و هاووڵاتیان بە چەند مەرجێكی دیاریكراو.
بانكی ڕافیدەین لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پاڵپشت بە بەرنامەی حكومی و بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەت بۆ كەم كردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون و پاڵپشتی كردنی چالاكی وەبەرهێنان، بڕیاریاندا بە پێدانی قەرز بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەران و هاووڵاتیان.
ڕوونیشی كردۆتەوە، قەرزەكە بە بڕی (100 و 150 و 200 و 250 و 300) ملیۆن دینارییە بەپێی نرخی یەكەی نیشتەجێبوونەكە.
ئاشكراشی كردووە، تەمویلی كڕینی یەكەی نیشتەجێبوونەكە دەكرێت بەڕێژەیەك لە 75%ی نرخی یەكەكە تێپەڕ نەكات و بۆ ئەوەش كڕیار 25%ی پارەی پێشەكی كڕینەكە دەدات لەڕێگەی هەژمارەكەی لە بانك یان پسووڵەی پارەدانەكەی، كە لەلایەن ئەو كۆمپانیای یەكەكەی فرۆشتووە پشتڕاست كرابێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ماوەی گێڕانەوەی قەرزەكە 10 یان 15 یان 20 ساڵە بەپێی خواستی كڕیار و لە هەموو حاڵەتێكدا نابێت لە تەمەنی گرنتی كراوی كەسەكە زیاتربێت.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێژەی سوودی سەر قەرزەكە 65 یان 3% دەبێت بەپێی خواستی كەسەكە و جۆری قیستەكانی.