ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت لەپای دواخستنی مووچە و ڕانەگەیاندنی لیستی مووچە و دەڵێت: ” باشە ئیتر ئێوە چ کارەن؟”.
خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك لە نووسینێكدا بەناوی (بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم) ئاماژەی بەوەكردووە، خۆتان نەوتتان بەسەربەخۆ ئەفرۆشت، بەڵام مووچە کە مافێکی زۆر ئاسایی و یاسایی خەڵکە و نەدەبوو بکرێتە هەواڵی بەپەلە و دەبوو لە کاتی خۆیدا و 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکرێت، بەڵام پێتان نەکرا و زوڵمێکی زۆر گەورەتان لە مووچەخۆران کرد لە مێژوودا وێنەی نیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئێستاش دەڵێن لیستەکە ئامادەیە کەی بەغدا ناردی دابەشی دەکەین!! باشە ئیتر ئێوە چ کارەن؟”.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەپرسێت، “بۆچی دڵگران ئەبن و تەخوینی خەڵک دەکەن کاتێک دەڵێن با مووچەکانمان ڕاستەوخۆ بچێتە سەر بەغدا، ئەو کاتە مانگانە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێ؟”.
دەشڵێت: “دەوڵەت بەم پێچ و خستنەبری و نووسینگەی حەواڵەیە دروست دەبێ؟!”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە 15 ڕۆژی مانگی 6 تێپەڕیوە و هێشتا فەرمانبەران و خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و كەمئەندامان و مووچەخۆرانی دیكەی هەرێم مووچەی مانگی 5ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و حكومەتی هەرێم چاوەڕێی هاتنی پارە لە بەغداوە دەكات تا دابەشی بكات.
دابەشنەكردنی مووچە لەلایەن مووچەخۆرانەوە ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت، كە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ جەژنی قوربان و هاووڵاتیان پێویستیان بە پارەیە بۆ كڕینی پێداویستییەكانی جەژن.