وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا سەرجەم فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری ڕۆژی شەممە دەوام بکەن بۆ دابینکردنی دارایی بۆ مووچەی مانگی حوزەیران.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی، تەیف سامی، وەزیری دارایی بڕیاری داوە ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری دەوام بکەن، بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ مانگی حوزەیرانی ئێستا.
وەزارەتەکە داواشی لە یەکەکانی خەرجکردن لە سەرجەم وەزارەتەکان و قائیمقامیەتەکان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەتەكان كرد، سەردانی بەشی ژمێریاری بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دارایی مانگانە و ڕەچاوکردنی خشتەی وردبینی پەسەندکراو.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە عێراق مووچەی خانەنشینان دابەشكرا و لە ڕۆژی یەك شەممەوە و تاوەكو جەژنی قوربان مووچەی مانگی 6ی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا مووچەی مانگی 5 دابەش نەكراوە.