هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە: “لە بەرامبەر زیادبوونی هەڵسوکەوتی ناپیشەیییانە و نائەمنییانەی فڕۆکەکانی رووسیا لە ناوچەکە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە توانا و پشتیوانی بەرفراوان ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئێف-22ی بۆ ناوچەی ئەرکداری فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەوانە کردووە”.
جەنەراڵ مایکڵ کوریللا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیهێزەکانی ئەمریکا وتی: “چالاکییە نائەمنییەکانی ڕووسیا ناپیشەییانەن و لە چالاکییەکانی هێزێکی ئاسمانی پیشەییانە ناوەشێنەوە، بەردەوام پێشێلکارییەکانی رووسیا دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان”.
دروستبونى ئەم دۆخە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە پێشهاتێکى نوێیە لە ئاستى ململانێکانیان، بەتایبەت دواى ئەوەى ئەمەریکا بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە جەنگى ئۆکرانیادا پشتیوانى کێیڤ دەکات و بەم هەڵوێستەشى بەردەوام ناڕەزایەتى مۆسکۆ بەرەو واشنتۆن کێش دەکات.