تیم ماكڤی، وتەبێژی كۆمسیۆنی وەزەی ئەوروپایی ڕایدەگەیەنێت، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا نەگەیشتنە ڕێككەوتن سەبارەت بە دیاریی كردنی نرخ بۆ نەوتی ڕووسی.
ماكڤی لە برۆكسل بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند:”بەردەوامن لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشە بیانییەكان لە گروپی حەوت و وڵاتانی تری یەكێتی ئەوروپا، سەبارەت بە بابەتی دیاریكردنی نرخ بۆ بەرمیلێك نەوتی ڕووسی، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن”.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو”ڕووسیا بایەخ بە ئاستی ئەو نرخە نادات كە لەلایەن خۆرئاواوە دیاریی دەكرێت، چونكە وڵاتەكەی ڕێككەوتن لەگەڵ هاوبەشەكانی دەكات”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەك لە برۆكسل ڕایگەیاندبوو”پێدەچێت ئەوروپا 62 دۆلار دیاریی بكات بۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی ڕووسی، لەكاتێكدا پۆڵەندا و وڵاتانی تری بەڵتیك داوا دەكەن نرخەكە لەوە زیاتر كەمبكرێتەوە”.
وڵاتانی گروپی حەوت لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون نرخ بۆ نەوتی ڕووسی دیاریی بكەن، لەچوارچێوەی ئەو سزایانەی بەسەر ڕووسیادا دەیسەپێنن بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكە لە ئۆكراینا.