ئێران، رێگری بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە زانایەکی ئایینی سوننە مەزهەب دەکات



لە ئێران زانای ئایینی سوننە مەزهەب و پێشنوێژی هەینیی شاری زاهیدان، مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیلزەهی، رێگای پێنادرێت فەریزەی حەج ئەنجام بدات.

 

مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیلزەهی کە پێشنوێژی هەینیی شاری زاهیدانە، بەوە دەناسرێت کە بەردەوام لە گوتارەکانیدا رەخنە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێت، بەو هۆیەشەوە ئەمساڵ رێگەی پێنادرێت فەریزەی حەج ئەنجام بدات.

 

لەوبارەیەوە لە ماڵپەڕی تایبەتی پێشنوێژی هەیینی شاری زاهیدانی سەر بە پارێزگای سیستان-بەلوچستان، مەولەوی عەبدولحەمید روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: “بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند بەرپرسێکی وەزارەتی هەواڵگری ڕایانگەیاندووە، دژایەتی چوون بۆ حەجی شێخولئیسلام مەولەوی عەبدولحەمید کراوە و ئەمساڵ بەڕێزیان شەرەفی ئەو گەشتە رۆحییەیان پێنابەخشرێت”.

هەروەها نووسینگەی پێشنوێژی هەینیی ئەهلی سوننەی زاهیدان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو؛ ئەو زانا ئایینییە پلانی وابووە ئەمساڵ بچێت بۆ حەج بەڵام بەهۆی رێگری دەسەڵاتەوە ناتوانێت ئەو گەشتە ئەنجام بدات.

 

تا ئێستاش بەرپرسانی ئێران هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

 

لە ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە پارێزگای سیستان-بەلوچستانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوننە مەزهەبن، دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندان ئەنجامدرا و لە ئەنجامی پێکداهەڵپژانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا کەسانێکی زۆر گیانیان لەدەستدا و بەوهۆیەشەوە ئەو رۆژە ناونرا “هەینی خوێناوی”.

 

پێشنوێژی مزگەوتی مەکی لە شاری زاهیدان، مەولوی عەبدولحەمید ئیسماعیلزەهی، لە وتاری دووی تشرینی یەکەمیدا رووداوەکانی بە “کارەسات” ناوبرد و باسی لەوەشکرد کە هێزە ئەمنییەکان دەستڕێژی گوللەیان لە هاووڵاتییان کردووە.

 

ناوبراو بەوە دەناسرێت کە بەردەوام لە گوتارەکانیدا رەخنە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێت.

 

عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا کۆدەبێتەوە
پێشت عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا کۆدەبێتەوە
گەنجێکی عێراقی لە پاشماوەی داری فڕێدراو، پەیکەر دروست دەکات
دواتر گەنجێکی عێراقی لە پاشماوەی داری فڕێدراو، پەیکەر دروست دەکات
ەیوەندیدار