” ئەگەر هەرێم هێزەکانی یەکنەخات هاوپەیمانان وازمان لێدێنن و ‌جێمان دەهێڵن”



سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لە زاری خودی بەرپرسانی هەرێمەوە باس لەوە کراوە”لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانانەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان یەک بگرنەوە، بەڵام بڕیارێکی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە پشکی پارتی، ناڕەزایی توندی لێدەکەوێتەوە. ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش هۆشداری دەداتە بەرپرسانی هەرێم.

 

لەو ڕووەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پشکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” ئەگەر ئێمە هێزەکانمان یەکنەخەین هاوپەیمانان وازمان لێدێنن و بەجێمان دەهێڵن، هەر وەکو چۆن ئەفغانستانیان بەجێهێشت، ئیتر هاوکاریمان ناکەن و چەک و تەقەمەنیمان نادەنێ و مەشق بەهێزەکانمان ناکەن ئەوەش بە ڕاستی مەترسیەکی زۆر زۆر گەورەیە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان”.

 

یاوەر ئاماژەی بەوەش کرد “چەندین جار لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە لەسەر یەکخستنی هێزەکانی خۆی، ئەگەرنا دەست لە یارمەتیدانی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە ڕووی چەک و تەقەمەنی و مەشقی سەربازییەوە هەڵدەگرن”.

 

ئەم پسپۆڕە سەربازی و ئاسایشییە وای دەبینێت ئەوەی ئێستا بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، یەکخستنێکی ڕووکەشییەو دەڵێت؛ ئەگەر هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت، دەبێت چیتر هەڵگری بیروباوەڕی حزبی نەبێت و تەنیا هەڵگری بیروباوەڕی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت.

 

یاوەر ڕاشیگەیاند” بەداخەوە ئێمە هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە کە یەکخستنی بیروباوەڕی جەنگی بێت ڕێکخستنێکی ڕووکەشە و تەنها ژمارە یەکدەخەین و بیروباوەڕ یەکناخەین “.

 

هەروەها وتی”کێشەکە ئەوەیە ئەوانەی یەکێتین هەر بە فەرمانی یەکێتی کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و ئەوانەشی پارتین هەر بە هەمان شێوە هەڵگری بیروباوەڕی پارتین و بۆ بەرژەوەندی پارتی ئیش دەکەن و بە فەرمانی پارتی ئیش دەکەن تەنانەت کە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەن”.

 

“ژمارەی هێزە یەکنەخراوەکان”

جەبار یاوەر ئاماژەی بە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی تر کرد کە لە هەرێمی کوردستان یەکنەخراون. لەو ڕووەوە یاوەر وتی بابەتەکە تەنیا هەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە نییە، چونکە نزیکەی ١٧٠هەزار پۆلیس هەن لەگەڵ ٤٠ هەزار کارمەندی ئاسایش هەن کە یەکنەخراون و تەنانەت هێزەکانی دژە تێرۆر و دەزگا زانیاری و هەواڵگرییەکانیش یەکنەخراونەتەوە.

 

ئەگەری لێکترازانێکی تری نوێ

بەپێی دوو نووسراو، کە دوێنێ میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێم بڵاوییان کردەوە، عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی (50 بە 50) لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە.

بەڵام لە وەڵامدا لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، لە پشکی یەکێتی، ڕایگەیاندبوو؛” ئەم بڕیارە دەبێتە لێکترازانی هێزی پێشمەرگە و ئاسەواری نەرێنی زۆر خراپی دەبێت، بۆیە دەبێت ڕەچاوی بەرپرسیارێتی ئاکاریی‌ و نیشتمانی ‌و نەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێت کە لە ئەستۆی هەمووانە، بۆیە پێویستە فەرمانەکەتان هەڵبوەشێننەوە بەپێچەوانەوە هیچ ئیلتیزامێکی پێوە ناکەین”.

 

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کردووە بە عەبدولخالق باپیری، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی هیچ پرسیارێکی بداتەوە و تەنها لەسەر فەرمانەکەی خۆی وتویەتی؛” ئەوە کاری وەزارەتە، خۆی ڕێکدەخاتەوە، خۆ ناچێت بە سیستمی پەنجا بە پەنجا خۆی ڕێکبخاتەوە”.

 

هەروەها مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی٧٠ ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەویش ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات و تەنها وتی” پێویستە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی پێکەوە دابنیشن ئەو بابەتە چارەسەر بکەن”.

 

جەبار یاوەریش هەمان بۆچوونی هەبوو و وتی”دەبێت هەردوو حزبی سەرەکی لەسەر ئاستی باڵا ڕێککەوتنی لەسەر بکەن، ئێستا ئەگەر مەسەلەی ٥٠بە ٥٠ نەمێنێت، یاخود درێژە بکێشێت ئەوە پەیوەندی بە ڕێککەوتنێکی نوێ دەبێت لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە لە نێوان سەرکردایەتی یەکێتی و سەرکردایەتی پارتی”.

باسی لەوەش کرد کە بڕیارێکی لەو جۆرە تەنانەت خودی وەزیری پێشمەرگەش ناتوانێت واژۆی بکات، وتیشی هەتا ئەو کاتەی لە وەزارەتی پێشمەرگە بووە، هەوڵیان دابوو هێزەکانی پێشمەرگە لە ململانێی سیاسی بەدووربگرن، دەڵێت چونکە زۆر مەترسیدارە ململانێی سیاسی بهێنرێتە ناو وەزارەتەکە و شیانی هەیە ببێتە ململانێی چەکداری کە ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی هەرێمی کوردستان.

ئیبراهیم عەلی، چاودێری سیاسی، پێیوایە هۆکاری ئەو کێشانەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیانەوێت دەسەڵاتی حزبی خۆیان بەسەر هێزەکانی پێشمەرەگەوە بهێڵنەوە، دەڵێت ئەوان پاراستنی حزب و بنەماڵەکانیان لە پێش پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبینن، بۆیە ڕێگە نادەن هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن سوپایەکی نیشتمانی.

 

ئاماژە بۆ ئەوە کرد لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، چەندین دەرفەتی گەوەرە بۆ هەرێم ڕەخسابوو ببێتە خاوەن سوپایەکی نیشتمانی بەهێز، بەڵام پارتی و یەکێتی ئەو دەرفەتەیان لەباربردووە، چونکە دەزانن ئەو سوپا نیشتمانییە ناچێتە ژێر باری بڕیارە حزبییەکانیانەوە.

 

وتیشی” لە ڕابردووشدا ئەوەمان بینیوە پارتی و یەکێتی چەندین جار هێزەکانی پێشمەرگەیان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەکارهێناوە و بەو هێزانەش هەڕەشەیان لە هێزە سیاسییە نەیارەکانیان کردووە. ئەمەش تەنیا لە پێناو مانەوەی خۆیان نەک پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان”.

“بوونی ئەم هەموو هێزە چەکدارانە لای پارتی و یەکێتی بە ڕاستی دەبێتە جێگەی مەترسی”

 

جەبار یاوەر مەترسی خۆی دەربڕی لە یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی هەرێم و وتی بوونی ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەو هەموو هێزە چەکدارەی پارتی و یەکێتی، سەقامگیری ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە بە گرنگی دەبینێت هێزە چەکدارەکانی هەرێم لە ململانێی سیاسی دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان تووشی شەڕی ناوخۆ نەبێتەوە.

 

بەڵام ئیبراهیم عەلی، بە دوری دەزانێت شەڕی ناوخۆ ڕووبداتەوە، دەڵێت؛ پارتی و یەکێتی چەندە نێوانیان ناخۆشبێت، هێندە زیاتر بەرژەوەندی ئابوری لە نێوانیاندا هەیە، وە جگە لەوە ئەو هێزانەی لە هەرێم و عێراقدا ڕۆڵیان هەیە بەرژەوەندییان لە دروستبوونی پشێوی لە هەرێمی کوردستان نییە، بۆیە شەڕی ناوخۆ نابێت.

ڕەنگدانەوەی کێشەکانی بودجە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە

جگە لە ناکۆکییەکانی پێشتر، لەسەر بابەتی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، پارتی و یەکێتی ناکۆکی توندییان هەبوو، بە جۆرێک ناکۆکییەکانیان بردە ناو پەرلەمان و بەغدای پایتەختی عێراق، ئەمە سەرەڕای بەردەوامبوونی کێشەکانیان و شەڕی میدیایی نێوانیان لە هەرێمی کوردستان.

 

جەبار یاوەر ئەوەی نەشاردەوە کە بڕیارەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕەنگدانەوەیەکی کێشەکانی پارتی و یەکێتی بوو لە بەغداد کە لەسەر بابەتی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دەرستبوون.

 

بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەنگی ئەمەریکا جگە لە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پەیوەندی کردووە بە سەربەست لەزگین و ڕێڤینگ هروری، سەرکردەی سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون، هەروەها کاربەدەستانی یەکێتیش ئامادەنەبوون لەم بارەیەوە لێدوان بدەن.

گەنجێکی عێراقی لە پاشماوەی داری فڕێدراو، پەیکەر دروست دەکات
پێشت گەنجێکی عێراقی لە پاشماوەی داری فڕێدراو، پەیکەر دروست دەکات
چیرۆکی ئەو گڵۆپەی ماوەی ١٢٢ساڵە نەکوژاوەتەوە
دواتر چیرۆکی ئەو گڵۆپەی ماوەی ١٢٢ساڵە نەکوژاوەتەوە
ەیوەندیدار