دوای فشارە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چەک کردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەندامانی ئەو هێزانە لە چەند کەمپێک کۆ بکاتەوە..
پلانەکە ناکۆکی لە نێوان سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی ئەو پارتانە لێکەوتۆتەوە و دەوترێت مەترسی پەرتبوونیان هەیە بەتایبەت بە هۆی ناڕەزایی سەرکردە سەربازیەکان.
سەرچاوەیەکی نهێنی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە”لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەگەڵ بەشێک لە حزبە کوردیەکان کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون کە حکومەتی هەرێم لەوە زیاتر ناتوانێت بەرپرسیارێتی پاراستنیان هەڵبگرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کەمپێک دروست دەکرێت و دەبێت تێیاندا نیشتەجێ بن.“
بڕیارەکە بەو جۆرەیە: لە ماوەی شەش مانگدا، لە سنوری سلێمانی یەک کەمپ و لە سنوری هەولێریش دوو کەمپ دروست دەکرێن بۆ نیشتەجێ کردنی ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، “ئە بڕیارە ناڕەزایەتی لە نێوان سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانمانی لێکەوتۆتەوە. سەرکردە سەربازیەکانمان ناچنە ژێر باری ىڕیاری چەک دانان و کەمپنشین کردن.”
وتیشی”ئێمە خەباتی پارتیزانی دەست پێدەکەینەوە و دەگەڕێینەوە چیاکان، بەڵام ناچینە ژێر خواستی داواکاریەکانی ئێران.”
هەڵوێستی حکومەتی هەرێم
سەلام عەبدولخالق بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بێ ئاگایی خۆی لە بابەتەکە ڕاگەیاند.
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند،”ئێمە چەندین جار وتومانە ئەگەر ئەم حزبانە چالاکیەکانیان مەحدود نەکەن ئێران وازیان لێناهێنێت. بەڵام هەندێک باوەڕ ناکەن و نایسەلمێنن وا دەزانن ئێمە دژی هێزە کوردیەکانین، لە کاتێکدا ئێمە کاتێک یارمەتی کوردی ئێرانمان دەدا ئەوان هەر نەبوون.”
“فشاری ئەمجارەی ئێران جیاوازە“
فشارەکانی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە کوردیەکان لە دوای ڕووداوەکانی “شۆڕشی ژینا ئەمینی” و هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران بۆسەر ئەو حزبانە چڕبۆتەوە.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا سەردانی عیراقی کردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنیان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.
خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند فشارەکانی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە کوردیەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە “بەڵام فشاری ئەمجارەی ئێران جیاوازە لە جارەکانی تر.”
وتەبێژەکە وتیشی، ” ماوەی ساڵێکە فشار لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە لەلایەن ئێرانەوە، داوای چەک کردنی هێزە کوردیەکانیان لێدەکات، داوایان لێدەکات بخرێنە کەمپ، تەنانەت داوای ئەوەشیان کردووە کەمپەکان لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدا بێت. بەڵام ئێستا ئێران فشارەکانی چڕترکردۆتەوە بۆ ئەو مەبەستە.”
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کورستان، ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکایە. چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئاماژەدەکەن کە بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە ئێران بووە.
بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بێ ئاگایی خۆی لە هۆکاری سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم پیشاندا.
ئێران هێز کۆدەکاتەوە
چەککردنی هێزە کوردیەکان مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و پێدەچێت لە ناوخۆی ئێرانیش کاردانەوەی لێبکەوێتەوە بەو پێیەی ئەو حزبانە خاوەن پێگەی جەماوەرین لەناو کوردستانی ئێراندا.
لەو بارەیەوە ئەرسەلان یار ئەحمەدی وتەبێژی ڕێکخراوی هەنگاو بە دەنگی ئەمەریکای وت، “بەو هەڵوێستانەی لە حزبەکان بینیومانە و ئەوان پشتیوانیەکی بەهێزیان لە ناو خەڵکی ڕۆژهەڵات هەیەو بە ئەستەمی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەو حزبانە لە ناو کەمپ کۆ بکاتەوە.”
سەرباری هەوڵەکانی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە کوردیەکان، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئێران بەردەوام هێز دەنێرێتە سەر سنورەکان و نیازی هێرشکردنیشی هەیە بۆ سەر ئەو هێزانە.