بۆ تاوتوێی چەند مەلەفێک، شاندێکی عێراقی سەردانی تورکیا دەکات



بۆ تاوتوێی ژمارەیەک مەلەف، کە پرسە ئەمنی و ئابووریەکان و ئاو لە خۆدەگرێت، عێراق ئامادەکاری بۆ ناردنی شاندێکی حکومی بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکات.

 

بەرپرسێکی ڕاوێژکار لەناو تیمی حکومەت بۆ سەردانی تورکیا، کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید ڕایگەیاندووە، بوونی هاکان فیدان لە وەزارەتی دەرەوە و یاشار گولەر لە وەزارەتی بەرگری لە کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا، بە مانای پێداگری زیاتر دێت لە هەندێک مەلەفدا، بەتایبەت ئەو مەلەفانەی پەیوەندییان بە “پارتی کرێکارانی کوردستان” و بوونی سەربازانی تورکیا لە خاکی عێراق، لە باکووری وڵات هەیە.

 

ئەو بەرپرسە پێیوایە، “زیادکردنی پشکی عێراق لە ڕووباری دیجلە و فورات، لە بەرامبەر توندکردنەوەی ڕێکارەکانی عێراق لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دژایەتیەکانی تورکیا لە ناوخۆی عێراقدا، دیارترین سیناریۆی نێوان هەردوو وڵاتن کە گەنگەشە دەکرێن بپ دۆزینەوەی ریگە چارە و دانانی میکانیزم”.

 

بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەو شاندە حکومییەی کە بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی بۆ ئەنقەرە، دوای پشووی جەژنی قوربان، تاوتوێی پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو دەکەن کە لە سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران بۆ ئەنقەرە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا تیشکیان خرابووە سەر.

 

ڕوونیشیکردەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا “پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی نێوان بەسرە و تورکیا، مەلەفی ئاو و زیادبوونی ڕێژەی بەردانەوە لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ عێراق، کردنەوەی دەروازەی سنووری دووەمی نێوان هەردوو وڵات، بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان قسە و باسیان دەربارە دەکرێت”.

 

هاوکات ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی موسڵ، بۆ ڕۆژنامەکە لێدوانی داوە و دەڵێت؛”ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەخێرایی کاریگەری لەسەر مەلەفی پەکەکە لە عێراق و هاوپەیمانەکانی لە باکووری سووریا دەبێت”.

 

نوجەیفی ڕایگەیاندووە، “ئەو بناغانەی پەیوەندی عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستنەوە دیارن، بەڵام ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا کاریگەرتر بن، مەلەفی پەکەکە گرنگترین مەلەفە کە تورکیا گرنگی پێدەدات و چاوەڕوان دەکرێت هاوکارییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەمبارەیەوە پەرە بسێنێت و دۆخەکە بگاتە ئاستی گەمارۆدانی پەکەکە و نەهێشتنی چالاکییەکانی.

 

بە وتەی نوجەیفی، ” بنکەکانی تورکیا لە باکوری عێراق، پەیوەست بە مەلەفی پەکەکە و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و ڕەزامەندییەکی ناڕاستەوخۆی عێراقی لەسەریان هەیە، هەر بۆیە ئەم مەلەفە بە جددی و بە توندی وروژێنراوەتەوە”.

 

هاوکات شێروان دووبەردانی، پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕەکە وتوویەتی؛ “بەغدا و ئەنقەرە هەوڵدەدەن لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە کۆتاییهێنان بە کێشەی ئاو بۆ لایەنی عێراقی، و کێشەی پەکەکە بۆ لایەنی تورکی”.

 

ناوبراو پێشبینیکرد کە “پەیوەندییەکان لە قۆناغی داهاتوودا شایەتی پێشکەوتنێکی ئەرێنی بن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی هەردوو لا”.

بەهۆی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدا
پێشت بەهۆی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدا
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند خاڵێکی سەربازیی لە دیمەشق
دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند خاڵێکی سەربازیی لە دیمەشق
ەیوەندیدار