دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێكی دەربارەی بایدەمیر دەركرد



دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئەمڕۆ سێ شەممە، بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عوسمان بایدەمیر، نوێنەری پێشووی هەدەپە دەکرد و ڕایگەیاند، کە ئازادی ڕادەربڕینی بایدەمیر لە کاتی دانیشتنی پەرلەماندا پێشێل کراوە، ئەمەش بە هۆی ئاماژەدانی بە ناوی “کوردستان” کە بەو هۆیەوە لە لایەن پارلەمانی ئەو وڵاتەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

بایدەمیر لە داواکارییەکەیدا بۆ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا، کە تورکیا ئازادی ڕادەربڕینی، کە لە مادەی 10ی پەیماننامەی ئەوروپایی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە، پێشێلکردووە.

لە میانەی دانیشتنێکی پارلەمانی تورکیا سەبارەت بە پرسی بودجە لە ساڵی 2017 بایدەمیر بەشێوەیەکی کاتی لە دانیشتنەکان دەرکرا و ڕیگەی بەشداریکردنی وەک نوێنەرێک پێنەدرا، ئەمەش دوای ئەوەی لەو دانیشتنەدا وتی، “وەک نوێنەرێک کە لە کوردستانەوە هاتبێت، خواستی من ئەوەیە کە ئەم سەقفە، سەقفی هاوبەشی تورک و کورد بێت”.

دوای قسەکانی بایدەمیر، پارلەمانتارەکانی دیکە بە هۆی ئاماژەپێدان بە وشەی “کوردستان”، پەشێوییان لەناو پارلەماندا دروست کرد و دوای ئەوە سەرۆکی پەرلەمان ڕوو بە بایدەمیر پرسی “کوردستان لە کوێیە؟ و بایدەمیریش لە وەڵامدا دەستی لەسەر دڵی دانا و وتی “ئەوەیە، لێرەدایە، ئەنجوومەنی کوردستان لێرەیە.”

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە ئاماژەدان بە پەیڕەوی ناوخۆی پارلەمانی تورکیا، کە باس لە یەکگرتوویی دەکات سەبارەت بە “یەکێتی دابەشنەکراوی تورکیا”، پێشنیاری دەرکردنی کاتی بۆ بایدەمیر کرد و لە ئەنجامدا ئەو نوێنەرە کوردە بە دەنگی زۆرینەی پارلەمان لە دوو دانیشتنی پارلەماندا دەرکرا.

عوسمان بایدەمیر دوای بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، لە هەژماری تویتەر و بە زمانی کوردی نووسی “ئەم بڕیارە گرنگییەکی مێژوویی لە خەباتی ئازادی ڕادەربڕیندا هەیە، سەرکەوتنی دۆسیەکە، دانپێدانانە بە کوردستان، کە لە دڵ و خەونی ملیۆنان کورددا دەژی”.

عێراق بۆ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی بڕیارێكی دەركرد
پێشت عێراق بۆ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی بڕیارێكی دەركرد
ئیسپانیا وەبەرهێنان لە کوردستان دەکات
دواتر ئیسپانیا وەبەرهێنان لە کوردستان دەکات
ەیوەندیدار