داهاتی مانگی ڕابردووی نەوتی عیراق هەشت ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، تێكڕای فرۆشتنی بەرمیلێكیش دەگاتە 82.417 دۆلار.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق “سۆمۆ” ئاماژە بە كۆی گشتی فرۆشتنی نەوتی خاو دەكەن لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو كە گەیشتۆتە 99 ملیۆن و 867 هەزار و 946 بەرمیل، داهاتەكەشی گەیشتۆتە 8.231 ملیار دۆلار.
هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە، كۆی گشتی هەناردەی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە گەیشتۆتە 97 ملیۆن و 304 هەزار و 696 بەرمیل، لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكیشەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، 2 ملیۆن و 363 هەزار و 20 بەرمیل هەناردەكراوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، تێكڕای فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت لە مانگی ڕابردوودا 82.417 دۆلار بووە.