ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھاوبەشی نێوان عێراق و میسر لە قاھیرە ئەنجامدرا.
لە دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی میسر، مستەفا مەدبولی رایگەیاند؛ لەمیانی کۆبوونەوەکەدا عێراق و میسر، ١١ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژوو کردووە و وتی: “یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان، تایبەتن نەخشەڕێگای پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ قۆناغی داھاتوو”.
محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق و میسر، خواستیان ھەیە پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان بدەن، ھەروەھا ھاریکارییەکانیان لە بوارەکانی ئابووریی، بازرگانیی، وەبەرھێنان پتەوتر بکەن و گوتی: “پێویستە ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنانەی کە واژوو کراون، جێبەجێ بکرێن”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەیشکرد کە سەقامگیریی لە وڵاتەکەی بەرقەرارە و لە ئێستادا عێراق سیاسەتێکی سەربەخۆی ئابووریی لە ناوچەکەدا هەیە.
محەمەد شیاع سوودانی پاڵپشتی خۆی بۆ کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە لەئێستادا، ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرھێنەری بیانی بۆ کاری وەبەرھێنان روویان لە عێراق کردووە و وتی: “پەرۆشی ئەوەین کۆمپانیا میسرییەکانیش بۆ وەبەرھێنان روو لە عێراق بکەن و بەرنامەیەکی باشمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە بواری ئابوورییدا داناوە”.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە عێراق و میسر رۆڵی گرنگ لە بەدیھێنانی سەقامگیریی لە ناوچەکە بگێرن و وتی: “ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، بەشێکە لە ئاسایش و سەقامگیریی میسر”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دووپاتیکردەوە کە گرنگە پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی و ھەوڵەکانی میسر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکان لەنێویاندا، چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین و وتی: “ئەمڕۆ عێراق بووەتە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە”.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی میسر، مستەفا مەدبولی جەختی لەسەر گرنگی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و عێراق کردووە و رایگەیاند کە دەیانەوێت کاری ھاوبەش لەگەڵ عێراق زیاتر بکەن.
مستەفا مەدبولی راشیگەیاند کە سەقامگیریی عێراق بۆ میسر گرنگە و وتی: “کۆمپانیا میسرییەکان، ئامادەن بۆ کاری وەبەرھێنان روو لە عێراق بکەن”.
دوێنێ دووشەممە ١٢ – ٦ – ٢٠٢٣، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانیکی فەرمی گەیشتە میسر.