ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی شەوی رابردوویدا، پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد.
لە دانیشتنەکەدا، ئەو ماددانەی کە لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی مابوون، خرانە دەنگدانەوە و بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکران.
پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ هەر سێ ساڵ، ٦٧ ماددە لەخۆدەگرێت کە ٦٣ ماددەیان بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکران، ھەروەھا ماددەکانی چوار، ٢٢، ٤٢ و ٦٤ لادران.
ھەروەھا پێشنیازی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٢ لەسەدا لە پارەی زیادەی نرخی فرۆشتنی نەوت خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا و رەتکرایەوە.
لەمیانی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەک ماددە زیادکران و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکران کە برتیین لە دیاریکردنی بوودجە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشکەش کرابوو کە تیایدا ٤١٨ ملیار و ٨٧٢ ملیۆن و ٥٦٧ ھەزار دینار وەک بوودجە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە، ھەروەھا بڕی ٧١٤ ملیار و ٨٨٦ ملیۆن و ٣٤٧ ھەزار دینار بۆ ئەنجوومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی دیاریکراوە و بوودجەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش بە ١٥ ملیار و ١٥٣ ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار دینار دیاریکراوە.
یەکێک لە ماددە زیادکراوەکان تایبەتە بە دامەزراندن و بەپێی ئەو ماددە نوێیە، ٦٠٠ ھەزار کەس دادەمەزرێن.
قەبارەی بوودجەی عێراق کە ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە و تیایدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاری کراوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینار.
بڕیارە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.