وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، سبەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت، ١٥ هەزار و٧٢٨ کەس داواکارییان پێشکەشکردووە کە ١١ هەزار و ٣٨٢یان بۆ ماستەر و دوو هەزار و ٦٩٢ بۆ دکتۆرایە.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، هەر کەسێک لە هەر ئاستێک کەمتەرخەمى یان دەستتێوەردانى ناڕەوا لە پرۆسەى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمى باڵا، بکات ڕوبەڕوى سزاى کارگێرى و یاسایى دەکەینەوە، داواش لە مامۆستایان و چاودێرانى هۆڵەکان و لێژنەى تاقیکردنەوەکان دەکات شڵگێرانە چاودێرى بەڕێوەچونى پرۆسەکە بکەن، بۆ ئەوەى پێشکەشکاران لە کەشێکى ئارام و هێمندا دوور لە شڵەژان و دڵەڕاوکێ وەڵامەکانیان بدەنەوە.
دەشڵێت:” ئهمساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤گشت ڕێوشوێنێكی پێویست گیراوهتهبهر بۆ ئهوهی سێکوچکەى (شهفافیهت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری) له پرۆسهی خوێندنی باڵا/ دبلۆمى باڵا و ماستهر و دكتۆرا له زانكۆكانی كوردستان رهنگ بداتهوەو مافی هیچ پێشكهشكارێك نهفەوتێت بەشێوەیەک پڕۆسهكه دور بێت له ههموو دهستێوهردانێك و پرۆفایلی ئهكادیمی پێشكهشكاران و ئەنجامى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى یهكلاییكهرهوهی پێوهرهی سیستمی خاڵبهندی بێت بۆ ریزبهندكردن.
لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردۆتەوە لە تاقیكردنهوهی توانستی زانستی، چهندین ڕێوشوێن لەڕێگەى دەرچواندنی فەرمانى وەزارى و گشتاندن و نوسراوى فەرمى بۆ زانکۆکان گیراوەتەبەر بۆ مەبەستی پهیڕهوكردنی شهفافیهت له پرۆسهی ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، نمونەی ئەو ڕێکارانەش بریتین لە رێگهنهدان به ههڵهچنینی پهراوی تاقیكردنهوهکان له دهرهوهی حهرهمی زانكۆ، رێگەنەدان بە مامۆستایان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى تاقیکردنەوەى زانستى ئەگەر هاتوو پلەى خزمایەتى تاوەکو پلە (٤) چوارى لەگەڵ پێشکەشکار هەبێت.
دەشڵێت:” هەروەها ڕێگە بە بردنە ژورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و سەعاتى زیرەک و ..هتد)، پێویستیشە پەڕاوى تاقیکردنەوەکان ئامادە بێت بۆ ئەوەى لە هەر کاتێکى پێویست لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستى وردبینی و دڵنیابون لە جێبەجێکردنى گشت رێنماییەکانى پەیوەندیدار، تەنانەت لە پێناو نەبونى جیاوازى لە کاتى وەڵامدانەوە لەسەر پەراوى تاقیکردنەوەى پێشکەشکاران و نەبونى گومان بۆ ناسینەوەى پەراوى تاقیکردنەوە، لە لایەن زانکۆکانەوە یەک جۆر قەڵەم بۆ وەڵامدانەوە بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر کراوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا لە کۆتاییدا رایدەگەیەنێت کە دواى تەواوبوونى پرۆسەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، پڕۆسەى سیستمى خاڵبەندى و ڕێکخستنی پێشبرکێ لە نێوان پێشکەشکاران لە ڕێگەى لێژنەیەکى تایبەت لە زانکۆکان ئەنجام دەدرێت و دوای تەواوبونی پرۆسەکەش ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسەند دەکرێت و لەگەڵ داتای سەرجەم پێشکەشکاراندا ڕادەگەیەنرێت ئەمەش لە پێناو هەبونى بنەماى شەفافیەت لە پرۆسەى پێشبرکێ، پاشان دەرگاى سکاڵاو تانەگرتن دەکرێتەوە و هەموو سکاڵاکان بەهەند وەردەگیرێن و لەلایەن لێژنەی تایبەت لە زانکۆکان وردبینی دیراسەت دەکرێن بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە پرۆسەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى خوێندنى باڵا، دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان سبەى دوشەممە ١٢-٦-٢٠٢٣، کاتژمێر ١١:٠٠ى بەیانى لەسەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئامارى پێشکەشکاران بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٣-٢٠٢٤بریتیە لە (١٥٧٢٨) پانزە هەزار و حەوت سەدو بیست و هەشت پێشکەشکار، بەشێوەیەک بۆ خوێندنى ماستەر (١١٣٨٢) پێشکەشکار و بۆ دکتۆرا (٢٦٩٢) پێشکەشکارو بۆ دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى (١٧٧) پێشکەشکار و بۆ دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى (١٤٧٧) پێشکەشکار بەشدارى تاقیکردنەوەکان دەکەن.