هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا، دەستگیرکردنی (٣) باندی فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ، 3 باندی 6 کەسی فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن و فریودانی خوێندکارانی دەستگیرکرد.
ڕاشیگەیاندووە، دوای بەدواداچوون و چاودێری ووردی هێزەکانی دەزگای ئاسایش بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن و فریودانی خوێندکاران لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ، شوێنی ئەو کەسانە دەستنیشانکرا و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ، توانرا سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیربکرێن و ڕوبەڕووی دادگا بکرێنەوە و دەستبگیرێت بەسەر چەند ئامێر و کەرەستەیەکی قۆپیکردن.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ئامێرەكان بریتی بوون لە:
1- ئامێری ( بێسیم ) بۆ پەیوەندیکردن، بەچەند شێوازێک کە لە پێڵاو و جلی ژێرەوەی پیاوان و ژناندا شاردرابونەوە.
2- بیستۆک ( سەماعە )ی قۆپیکردن.
3- ماستەرکارتی قۆپیکردن.
4- قەڵەم جافی قۆپیکردن.
5- دروستکردنی پرسیارەکانی کۆتایی پۆلی ( ١٢ ) بە شێوەی تەزویر ( ساختە ) بۆ فریودان .
ئاماژەی بەوەشكردووە، تۆمەتباران پێکهاتوون لە ( أ ، ف ، ح ) ، ( ب ، ع ، س ) ، ( ئ ، ن ع ) ، ( ئ ، ع ، ح ) ، ( ک ، ئ ، م ) ، ( ن ، م ، م ) کە تەمەنیان لە نێوان ١٩ بۆ ٢٣ ساڵە و دانیشتوی هەرێمی کوردستانن، ویستویانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە فرۆشتنی ئۆنلاین ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە .
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە خوێندکاران ، لە پێناو چەسپاندنی یاسا ، ڕوبەڕووی هەر کارێکی نایاسایی دەبێتەوە و داواکارە لە خوێندکاران هۆشیاربن و فریو نەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیار دەکەن ، هەروەها بەدووربن لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی غەشکردن ، لە پێناو ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئارام و سەرکەوتوو .