كاربەدەستێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، هێزەكانی ئەمریكا لە پێشكەشكردنی هاوكاری هێزەكانی سووریای دیموكراتیك هەسەدە بەردەوام دەبن.
ئەو كاربەدەستەی پێنتاگۆن بۆ كەناڵی سكاینیوز ڕایگەیاندووە، لەسەر ڕاسپاردەی ئیدارەی جۆ بایدن هێزەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی كاری فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بەردەوام دەبن لە دابینكردنی پشتیوانی سەربازی و جەنگی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكراتیك، هەروەها بە چەكی پێویست بەتایبەت بۆ پێكهاتە كوردییەكەی هێزەكەی سووریای دیموكراتیك.
ئەو كاربەدەستە كە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی لێدوانی نییە، دەڵێت “ئیدارەی جۆ بایدن بە هیچ جۆرێك ئەو هەڵەیە دووبارە ناكاتەوە كە ئیدارەی پێشووی ئەمریكا كردی، كاتێك بە بڕیاری سەرۆكی پێشوو سووپای ئەمریكا پشتیوانی لە كوردانی سووریا و عێراق نەكرد، چونكە ئەوان ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە كۆتاییهێنان بە تیرۆر لە سوریا و هاوكاریكردنیان پێویستییەكی ستراتیژییە”.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات “توركیا ڕۆڵی خراپ لە سووریا دەگێڕێت، بەتایبەت لە ئیدلب، گرووپە تیرۆرستییەكانی سەر بە قاعیدە تێیدا چالاكن لە ژێر چاوی هەواڵگری توركیادا”.
ئاشكراشیكرد “واشنتن بە توندی هۆشداری داوە لە هەر كردنە ئامانجێكی هەسەدە و ئەوەی بە كردنە ئامانجی هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ سەقامگیری ناوچەكە ناوبردووە”.