پارتی: ڕێككەوتين لەسەر بودجە



بەرپرسانی پارتی لە بەغدا ڕێككەوتن لەسەر ماددە ناكۆكەكانی ناو پڕۆژە یاسای بودجە ڕادەگەیەنن، بەڵام پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەڵێت: “هێشتا ڕێككەوتن نەكراوە”.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشكی پارتی بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتن لەسەر بڕگەی 7ی مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە كراوە و چارەسەر دەبێت.

لای خۆشیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، ڕێككەوتن لەسەر ماددەی 14 كراوە و كراوە بە 7 بڕگە، كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، ئەگەر ناكۆكی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو لەسەر كێشەیەك، ئەوا لیژنەیەكی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی پێكدەهێنرێت و ڕاسپاردەكان دەدات بە سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەو بڕیاری لێ‌ دەدات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی بۆ میدیای حزبەكەی وتی، “ناكۆكی هەیە لەسەر بڕگەی 8ی ماددەی 14ی پڕۆژە یاسای بودجە.

وتیشی، “یەكێتی بەڵێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەباتە سەر بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەران و ئێمە بابەتی پاشەكەوتی مووچەمان جێگیر كردووە، چونكە ئەوە قەرزە لەسەر حكومەتی هەرێم”.

جەختیشی كردەوە، داكۆكی دەكەین لە مانەوەی بڕگەی پاشەكەوتی مووچە، كە بڕگەی 12یە لە ماددەی 14ی پڕۆژە یاسای بودجە، چونكە ئەوە چوارچێوەی یاسایی دەدات بە گێڕانەوەی مووچەی نەدراوی فەرمانبەران.

هاوكات، دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتن لەسەر بودجە، سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی كۆبوونەوە.

بڕێكی زۆر دەرمانی كشتوكاڵیی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا
پێشت بڕێكی زۆر دەرمانی كشتوكاڵیی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا کارەساتی لێدەکەوێتەوە
دواتر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا کارەساتی لێدەکەوێتەوە
ەیوەندیدار