وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا کارەساتی لێدەکەوێتەوە



 

رافایێل ماریانۆ گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای تەقاندنەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆن لە ئۆکراینا، ئەو ئاوەی کە بۆ ساردکردنەوەی ڕیاکتۆرەکانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بەکار دەهێندرێت، بەردەوام لەکەمبونەوەدایە.

 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی  وزەی ئەتۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵسەنگاندنی سەرۆکی ئاژانسەکەی سەبارەت بە دوایین دۆخی وێستگە ئەتۆمییەکە و کارەساتی دوای تەقاندنەوەی بەنداوەکە، خستووەتەڕوو.

گرۆسسی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاژانسەکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گرفتانەی کە بەهۆی تەقاندنەوەی بەنداوەکەوە دروست بووە، هاوکارییەکی گرنگ پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات، ڕایگەیاندووە، ئاستی ئاوی بەکارهێندراو بۆ ساردکردنەوەی ریاکتۆرەکانی وێستگەی زاپۆریژیا بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاشکراشی ده‌كات، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئۆکرانیا دەکات.

ئاژانسەکە پشتیوانیی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات و ڕایگەیاندووە، ئەوان لە سەرەتای جەنگەکەوە پشتگیری لە ڕێگریکردن لە کارەساتی ئەتۆمی دەکەن و بەشداری دەکەن لە ساڕێژکردنی ئەو برینانەی کە بەهۆی کارەساتی بەنداوەکەوە دروست بوون.

گرۆسسی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لەکاتێدا دۆخی وێستگە ئەتۆمییەکە خۆی لەخۆیدا مەترسیدار بوو، دوای تەقاندنەوەی بەنداوەکە دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە. هاوکات تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ئاستی ئاو کە لەم بەنداوەوە بۆ ساردکردنەوەی ڕیاکتۆرەکانی وێستگەی زاپۆریژیا دابیندەکرێت، لە هەر کاتژمێرێکدا پێنج سانتیمەتر کەم دەکات.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا دەتوانرێت ئاو بخرێتە ناو ڕیاکتۆرەکانەوە تا ئاستی 11 مەتر یان کەمێک کەمتر.

بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا کە دەکەوێتە سنوری هەرێمی خیرسۆن و لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە تەقێنرایەوە، رووسیا و ئۆکرانیاش یەکتری بە ئەنجامدانی کارەکە تۆمەتباردەکەن.

 

پارتی: ڕێككەوتين لەسەر بودجە
پێشت پارتی: ڕێككەوتين لەسەر بودجە
یوسف محەمەد: دادپەروەری داهات گەرەنتییە بۆ یەكپێگرتنەوەی ڕاستەقینەی ھەرێم
دواتر یوسف محەمەد: دادپەروەری داهات گەرەنتییە بۆ یەكپێگرتنەوەی ڕاستەقینەی ھەرێم
ەیوەندیدار