سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ستایشی “لەشكری ڕۆژ” دەكات بۆ بەشداری كردنی لە شەڕی دژی داعش و ڕایدەگەیەنێت، ئێمه هه‌رده‌م پشتیوانی ئێوه‌ین له‌پێناو خه‌باتێكی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، كه خزمه‌ت به دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد بكات له سوریا.
ئەمڕۆ شه‌ممه 10ی حوزەیرانی 2023 له شاری هه‌ولێر به به‌شداری مەسعود بارزانی دوازده‌یه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان – سوریا ده‌ستیپێكرد.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له وتەیەكدا ڕایگه‌یاند، هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت و سوپاسی ئێوه و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه ده‌كه‌م، كه له رابردوو و ئێستادا ڕۆڵی گرنگیان بینیوه له بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی گه‌له‌كه‌ماندا. لێره‌وه سڵاو بۆ جه‌ماوه‌ره خۆڕاگره‌كه‌تان ده‌نێرم. سڵاو بۆ ئه‌وانه‌ی كه ئاواره‌ی وڵاتان بوون و ئه‌وانه‌ی لێره له ماڵی خۆیاندان.
بارزانی هیوای خواست بارودۆخێك دروست بێت، كه بتوانن بگه‌رێنه‌وه زێدی باب و باپیران و به یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاته‌كان ببنه‌وه، هه‌روه‌ها داواشی كرد، دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیان زیاتر پته‌و بكه‌ن.
وتیشی، “له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كانی سوریا له ساڵی 2011ـه‌وه به به‌رده‌وامی پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیز و ته‌با و یه‌كڕه‌نگ بن و هه‌ر بڕیارێك پێتان باش بوو بیده‌ن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمه پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان سێ كۆنگره (دوو له هه‌ولێر و یه‌ك له دهۆك) ببه‌ستن بۆ خه‌بات و پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌داخه‌وه كۆسپ دروستكرا، بێگومان رێگه‌ی تێكۆشانی گه‌ل دوورودرێژە و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
دووپاتی كرده‌وه، ئێمه هه‌رده‌م پشتیوانی ئێوه‌ین له‌پێناو خه‌باتێكی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كه خزمه‌ت به دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد بكات له سوریا.