یەكێتی هەڵوێستی لەسەر دەستكاری كردنی بودجە ڕاگەیاند



سەرباری نێوەندگیری کردنی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح لە نێوان یەکێتی و پارتی، بەڵام هێشتا ئەو دوو پارتە لەسەر ئەو بڕگەیەی نێو پڕۆژە یاسای بودجە ڕێکنەکەوتوون، کە ماف دەداتە هەر پارێزگایەکی هەرێم لە ئەگەری هەبوونی گلەیی و گازەندەی لە حکومەتی هەرێم، ڕاستەوخۆ شایستە داراییەکانی لە حکومەتی عێراق وەربگرێت.

دوێنێ هەینی 9ی حوزەیران، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح لە کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ڕۆیشتە نێو پەرلەمانی عێراق بۆ نێوەندگیری کردن لە نێوان یەکێتی و پارتی و کوتلە شیعییەکان لەسەر ئەو ناکۆکییانەی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق هەیانبوو.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، هۆکاری ڕۆیشتنی هادی عامری بۆ نێو پەرلەمانی عێراق بۆ نێوەندگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان گێڕایەوە و بە )دەنگی ئەمەریکا)ی وت، “هادی عامری هەوڵیدا چارەسەری بۆ کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی بدۆزێتەوە، ئەگەرنا پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێنماییان پێدراوە بۆ چۆنیەتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.”

بەپێی زانیارییەکان، هادی عامری لە کاتژمێر 1:30 تا کاتژمێر 4ی ئێوارە نێوەندگیری لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کردووە سەبارەت بەو ناکۆکییانەی لەسەر بڕگەی پاشکەوت و بڕگەی پێدانی شایستەی دارایی بە هەر پارێزگایەکی هەرێم گەر گازەندەی لە حکومەتی هەرێم هەبوو، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و کۆبوونەوەکەی کۆتایی پێهێناوە.

هادی عامری لە کاتژمێر 5 ی ئێوارە، جارێکی تر هەوڵەکانی لەگەڵ یەکێتی و پارتی دەستپێکردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە بە پێنوسی سوور بڕگەی پاشەکەوتی لابردووە و گۆڕانکاریشی لەو بڕگەیەدا کردووە، کە ماف دەداتە هەر پارێزگایەکی هەرێم راستەوخۆ شایستەی دارایی لە عێراق وەربگرێت، گەر گلەیی لە حکومەتی هەرێم هەبوو.

سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەی نێوان هادی عامری و فراکسیۆنە کوردییەکان، کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، وردەکاری مشتومڕەکانی نێو کۆبوونەوە داخراوەکەی بۆ (دەنگی ئەمەریکا) ئاشکراکرد و وتی، “یەکێتی پێداگربوو لەسەر بڕگەی پاشەکەوتی مووچە و ڕاستەوخۆ وەرگرتنی شایستەی دارایی لەلایەن هەر پارێزگایەکەوە گەر گلەیی هەبوو لە حکومەتی هەرێم، بەڵام پارتی دژی ئەمە بوو.”

هەروەها وتیشی، “پارتی داوایدەکرد وشەی (صرف) و (تمویل) لە نێو پرۆژە یاساکە لاببرێت، لە بری ئەوە پێکهێنانی لیژنەیەک لەلایەن عێراقەوە جێ بکرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەگلەییەکانی هەر پارێزگایەک.”

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هادی عامری بە بەرپرسانی پارتی وتووە، پارێزگای سلێمانی مافی خۆیەتی و ستەمی لێکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە یەکێتی کردووە بە داواکارییەکەی پارتی ڕازی بێت و ئەو ماددە دەستکاری بکرێت.

سەرچاوەکە وتی، “لە کۆبوونەوەی 1 تا کاتژمێر 4 تەنها گفتووگۆ بوو، بەڵام لە کاتژمێر 5 ی ئێوارە هادی عامری بە قەڵەمێکی سوورەوە گەڕایەوە و ماددەکانی دەستکاری کرد.”

مادەی (14)ی نێو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، کە مشتومڕی زۆری لەسەرە هێشتا پەسەند نەکراوە، بەو پێیەی شەوی ڕابردوو لە نێو ئەنجومەنی نوێنەراندا کێشەی لەسەر دروستبوو، بەڵام بڕیارە لە کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە گفتووگۆ بۆ پەسەندکردنی ئەم مادەیەش دەست پێبکاتەوە.

بڕگەی (9) ی مادەی (14) کە مافی داوە بە هەر پارێزگایەکی هەرێم داوای شایستە داراییەکانی لە عێراق بکات گەر گلەیی لە حکومەتی هەرێم هەبوو، لەلایەن هادی عامرییەوە گۆڕدراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە گلەییەکانی هەر پارێزگایەکی هەرێم لە حکومەتی هەرێم .

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، جەختی لەسەر دەستکاریکردنی ئەو برگەیە کردەوە، کە مافی داوەتە هەر پارێزگایەک داوای شایستە داراییەکانی لە حکومەتی عێراق بکات.

بەڵام کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند “ئێمە وەکو یەکێتی ڕازی نین بە دەستکاریکردنی ئەو بڕگەیەی مافی داوەتە هەر پارێزگایەک ڕاستەوخۆ شایستە داراییەکانی لە حکومەتی عێراق وەربگرێت و لە نێو دانیشتنی پەرلەمان قسەی خۆمان دەبێت.”

ئەو وتیشی، “ئێمە ڕازی نەبووین بە دەستکاریکردنی مافی پارێزگای ناڕازی و دانەوەی پاشەکەوتی مووچەش، تەنانەت ئەوکاتەش کە هادی عامری دەستکاری بڕگەکانی کردووە و لەسەر ئەم دوو پرسەش بێدەنگ نابین.”

گەر برگەی پەیوەندیدار بە “پارێزگای ناڕازی” خواستی تەنها یەکێتی بێت، ئەوا برگەی تایبەت بە دانەوەی پاشکەوت داواکاری زۆربەی هێز و لایەنەکانی هەرێمە جگە لە پارتی، بەڵام هادی عامری ئەم بڕگەیەشی لە پرۆژە یاساکەدا لابردووە.

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی، “کاتێک هادی عامری هاتە نێو پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ئێمە بانگهێشت نەکراین، بەڵام زانیمان گفتووگۆکانیان پەیوەندی بە پشکە بودجەی هەرێمیشەوە هەیە خۆمان ڕۆیشتین.”

ئەو وتیشی، “بەهادی عامریم وت، مەسەلەی پاشەکەوت مافی خەڵکی هەرێمە کە چۆن لایدەبەن” ، وتی “حکومەتی هەرێم تەحەمولی ئەو هەموو فشارە ناکات لایەنەکان لێی دەکەن.”

بەپێی وتەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، لابردنی بڕگەی پاشەکەوت و بواردان بە هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت لەو کێڵگە نەوتییانەی دەکەونە سنوری کەرکوک و نەینەواوە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی هادی عامری بووە.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا ڕەنگە بدرێتە دادگا
پێشت بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا ڕەنگە بدرێتە دادگا
ئەمشەو پاڵەوانی ئەوروپا دیاری دەکرێت
دواتر ئەمشەو پاڵەوانی ئەوروپا دیاری دەکرێت
ەیوەندیدار