د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لە یاسای بودجەدا زۆر بەڕوونی هاتووە و ناڵێت هەر پارێزگایەک کەی ویستی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات بەڵکو دەڵێت، ئەگەر دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچەدا نەبوو ئەوکات دەتوانێت ئەو داوایە بکات.
ناوبراو ڕایگەیاند؛ دەبێت بسەلمێنرێت لە رێگەی هەردو وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدا و دیوانی چاودێری دارایی کە غەدری لێدەکرێت.
د. بڕیار دەشڵێت؛ دەمانەوێت رێگری لەو غەدرە بکەین کە چەند ساڵی رابردو لە سلێمانی کراوە، لە ناوچەکانی دیکە مووچە وەردەگیرا، بەڵام لە سلێمانی وەرنەدەگیرا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لەناوچەکانی دیکە بەردەوام بوون، بەڵام لە سلێمانی پڕۆژە زۆر گرنگەکانیش نەدەکرا و یەکێتی و پارێزگاری سلێمانی دەسەڵاتی هیچیان نەبوو.
ئەو پەڕلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت؛ پێمانوایە ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجە کە داوامانکردوە پەسەند دەکرێت.