سەیرو سەمەرەترین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مێژوودا



کاندیدێک بە زیاتر لە ٢٤٠ هەزار دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، هەرچەندە ژمارەی دەنگدەرانی تۆمارکراو لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ١٥ هەزار کەس تێ نەدەپەڕی.

 

نەک هەر ئەوە، ئەو وڵاتەی کە دامەزرێنەرانی دەیانویست ببێتە پەناگەیەک بۆ کۆیلە ئازادکراوەکان، سەرۆک و بەرپرسە حکومییەکانی تێوەگلان لە کردەی ئیستغلالکردنی دانیشتووان لە کاری زۆرەملێ و تەنانەت بازرگانی کۆیلە و پەرەدان بە کۆیلایەتی.

دوای هەڵبژاردن، گەندەڵییەکی زۆر و خزمایەتی لە دامەزراندا پەرەی سەند، لێهاتوویی و شەفافیەتیش بوونە بڵقی سەر ئاو.

 

لیبریا، وڵاتی خەونەکان بۆ کۆیلە ئازادکراوەکان، بەڵام….

 

دەوڵەتی لیبریا لە ساڵی ١٨٤٧ی زایینی لە ئەفریقا وەک پەناگەیەک بۆ کۆیلە ئازادکراوەکان دامەزرا، هەرچەندە دامەزرێنەرانی لیبریا دەیانویست بیکەن بە دەوڵەتێکی دیموکراسی، بە هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، بەڵام ئەو وڵاتە ناوی چووە مێژووەوە، بە ئەنجامدانی سەیرو سەمەرەترین ساختەکاری هەڵبژاردن.

 

لە ساڵی ١٨١٦، نزیکەی نیو سەدە پێش ئەوەی یاسای کۆتایی هێنان بە کۆیلایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٥ بە فەرمی ڕابگەیەنرێت، ڕۆبەرت فێنێل کە سیاسەتمەدارێکی دیار بوو لە ویلایەتی نیوجرسی، سەردانی واشنتۆن دی سی کرد، بەمەبەستی پشتگیری لە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆلۆنییەکی نوێ بۆ کۆیلە ئازادکراوەکان لە ئەفریقا.

 

بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم کۆلۆنییە مەبەست لێی سنووردارکردنی گەشەی گەورەی دیمۆگرافیای ڕەشپێستەکان بوو، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فینلی وای بۆدەچوو، کە ڕەنگە مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی نەتەوەیی دروست بکەن له‌ داهاتوودا.

ڕۆبێرت فینلی چەند سیاسەتمەدارێکی دیاری ئەمریکی ناسی، ئەوانیش کۆمەڵەی کۆلۆنیالیزەکردنی ئەمریکییان دامەزراند، کە بیرۆکەیان وەرگرت و لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنیدا هەوڵیاندا زەویەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بکڕن و بۆ دامەزراندنی ئەو وڵاتە دەستەبەری بکەن.

 

لە ساڵی ١٨٢١ لەگەڵ سەرۆکانی هەندێک لە هۆزە ناوخۆییەکان گەیشتە ڕێککەوتن بۆ دامەزراندنی کۆلۆنی میسێرادۆ و لە ساڵی (١٨٢٢) دەستیکرد بە ناردنی کۆیلەی ئازاد یان ڕەشپێستی ئازاد بۆ میسێرادۆ.

 

سەرەتای ناردنەکە بە ٣٠ خێزان دەستیپێکرد، بە گشتی ٥٢٨ کەس بوون، پاشان ١٢ هەزار ئەمریکی ڕەشپێستی تر لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا گواسترنەوە.

 

لە ساڵی ١٨٤٧ ئەو کۆلۆنییانە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ناوی بوو بە لیبریا و دەستیانکرد بە لکاندنی زەوی زیاتر بە ڕووبەری خاکەکەیانەوە، هەرچەندە ئەو دانیشتووانەی کە لە ئەمریکاوە هاتبوون و نەوەکانیان تەنیا ٥٪ی کۆی دانیشتوانی وڵاتەکەیان پێکدەهێنا، بەڵام ئەوان لە سەرەتای سەربەخۆییەوە و بۆ زیاتر لە سەدەیەک زاڵ بوون بەسەر لیبریادا.

 

گەندەڵی دارایی و گۆشەگیری لەسەر دانیشتوان و سەیرترین هەڵبژاردن لە مێژوودا

 

خەڵکی ڕەسەن بەدەست نادادپەروەرییەوە دەیاناڵاند، باجی زۆریشیان بەسەردا سەپێندرا، کە بەهای دارایی ئەو باجانە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، لەساڵی (١٩٠٠) دەسەپێندرا، یەک لەسەر سێی خەزێنەی دەوڵەتی پێکدەهێنا، ئەمەش وایلێکردن نارەزایی دەرببڕن و ڕاپەڕین ئەنجام بدەن، کە چینی دەسەڵاتدار بە توندی ڕووبەڕوویان بووەوە و بە توندوتیژی سەرکوت کران.

 

دانیشتووان تووشی کاری سەخت بوون، بە تایبەت لە لایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، کە لە وڵاتدا چالاک بوون، مافی دەنگدانیان لێ زەوت کرا، بۆیە کاتێک هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتی لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا، ژمارەی ئەوانەی ڕێگەیان پێدرا دەنگ بدەن تەنها ١٥ هەزار کەس بوون .

 

لەو کاتەدا دوو کاندید کێبڕکێیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کرد، یەکەمیان چارڵز کینگ سەرۆکی ئەوکاتەی لیبریا بوو بۆ دوو خولی یەک لە دوای یەک، کاندیدی دووەمیش تۆماس جەی فۆڵکنەر بوو لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن.

 

دوای ژماردنی دەنگەکان، تۆماس جەی فۆڵکنەر ٩ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، کە ئەو ژمارەیە بوو هەڵبژاردنی پێ بباتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو سەرۆک چارڵز کینگ ٢٤٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو! لە کاتێکدا تەنیا ١٥ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبوو، ئەمەش وایکرد، پرۆسەکە ببێتە سەیرترین هەڵبژاردنی ساختەکاری لە مێژوودا.

 

سەرەڕای ساختەکارییە ئاشکراکانی ئەو هەڵبژاردنانە، چارڵز کینگ بۆ خولی سێیەم بوو بە سەرۆک، لە کاتێکدا ڕکابەرەکەی، تۆماس جەی فۆکنەر، سەرۆکی هەڵبژێردراوی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگەی داوە کۆیلایەتی لە لیبریادا بوونی هەبێت.

چارڵز کینگ

لەوەش خراپتر، تۆماس جەی فۆڵکنەر ڕاپۆرتی دا کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەت تێوەگلاون لە ناردنی کرێکاران بە زۆرەملێ بۆ دوورگەی فێرناندۆبۆی ئیسپانیا بۆ کاری زۆرەملێ، و تۆمەتباریکردن بە بەکارهێنانی سوپای لیبریا بۆ ئەو کارە.

تۆمەتەکانی فۆڵکنەر، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و لیژنەیەکی کۆمەڵەی گەلان پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە، لە ساڵی ١٩٣٠ لیژنەکە ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردەوە، کە بەم ئەنجامە گەیشتووە:

 

– ناردنی کرێکاران بۆ دوورگەی فێرناندۆبۆ و گابۆن پەیوەستە بە کۆیلایەتییەوە.

– ئەو کەسانەی کە پۆستی فەرمییان هەیە، بە شێوەیەکی نایاسایی فەرمانگەکانیان بەکارهێناوە بۆ دامەزراندنی کارمەند بە هاوکاری سوپای لیبریا.

– تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمەریکا لەو دۆسیەیەدا کە نەک هەر سودمەند بوون لەو کارانە، بەڵکو دامەزراوەیەکی گەورەی بیانیش بەشداربووە لەو ڕێکارانەدا کە کۆمپانیای “ئەریستۆن لاستیک”ە.

 

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبریا ڕێوشوێنی لێپێچینەوە لە پۆستەکەی لە دژی سەرۆک کینگ دەستپێکرد، بەڵام سەرۆک بەپەلە دەستی لەکارکێشایەوە، بەم شێوەیە لە دادگاییکردنی گشتی ڕزگاری بوو، چونکە دەستووری ئەوکاتی لیبریا بەجۆرێک بوو کە “نابێت هیچ کەسێک بە تاوانی سەرمایە یان تاوانێکی دیار دادگایی بکرێت، تەنها لە حاڵەتی لێپێچینەوەدا نەبێت”.

 

زۆرێک لە بەرپرسانی پەیوەندیدار و دارودەستەکەی کینگ هەنگاوی هاوشێوەیان ناو دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون لە ترسی لێپێچینەوە.

 

کینگ دادگایی نەکرا و لە ساڵی ١٩٤٧ وەک وەزیرێکی نیشتەجێ لە ئەمریکا کاری کرد، دواتر لە ساڵی ١٩٥٢ بووە باڵیۆز لە ئەمریکا.

گەشتى ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان عێراق و جۆرجیا دەست پێدەکات
پێشت گەشتى ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان عێراق و جۆرجیا دەست پێدەکات
“ئۆکراینا هێرشی پێچەوانەی بۆسەر هێزەکانی ڕووسیا دەست پێکرد”
دواتر “ئۆکراینا هێرشی پێچەوانەی بۆسەر هێزەکانی ڕووسیا دەست پێکرد”
ەیوەندیدار