سەرما دەستیپێكرد، كارەبا كەمكرایەوە



 

ئەمڕۆ 1ی دیسەمبەری 2022ە، دەستپێكی وەرزی سەرما و سۆڵەیە لە هەرێمی كوردستان و بەشێك لە ناوچە كوێستانییەكان بەفر دایاندەپۆشێت، بەپێچەوانەی زۆرێك لە دەوڵەتانی دنیاشەوە كە ئامادەكاری بۆ گۆڕانكارییەكانی وەرز و كەشوهەوا و ڕەوشە تایبەتەكان دەكەن تا هاووڵاتیانیان بەرگەی ڕەوشە تایبەت و نالەبارەكان بگرن، حكومەتی هەرێمی كوردستان كارەبا كەم دەكاتەوە و نەوت و غازیش بەنرخی سەرووی بازاڕی جیهانی، دەفرۆشێتە هاونیشتمانییەكانی.

لە ئەمڕۆوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەمپێرەكانی كارەبای نیشتمانی لە 40 ئەمپێرەوە بكات بە 30 ئەمپێر تا هاووڵاتیان كەمترین كارەبا بەكاربهێنن، نەتوانن بەپێی پێویست سپلێت و هیتەر بەكاربهێنن، چونكە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە كارەبا بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاردەهێنن.

جگە لە كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبا، حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتژمێرەكانی كارەباشی كەمكردووەتەوە، بەشێك لە هاووڵاتیان لە چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی دەڵێن كاتژمێرەكانی كارەبا زۆر كەمبوونەوە، شەو و ڕۆژ هەیە لە هەندێك شوێن كەمتر لە 10 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە.

بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بانگەشەی باشی كارەبای هەرێمی كوردستان دەكەن و ڕەخنەش لە هاووڵاتیان دەگرن كە پارەی كارەبا نادەن، لەحاڵێكدا هاووڵاتی بە پارەی دوو كارەبای نیشتمانی و موەلیدەشەوە ناتوانێت 24 كاتژمێر كارەبای هەبێت، بەهەردووكیان لە وەرزی سەرمادا 20 كاتژمێر كارەبا دابین دەكەن، كارەبایەك كە تەنها دەتوانرێت بۆ ڕووناككردنەوە و هەندێك پێویستی و ئامێری دیكە سودی لێوەربگیرێت.

بەشێك لە هاووڵاتیان دەڵێن “ئێمە ئامادەییمان تێدایە مانگانە كرێیەكی باشی كارەبا بدەین، بەڵام بەمەرجێك كارەبایەكی ڕێكوپێك و بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دابینبكرێت”.

هەرێمی كوردستان 30 ساڵ زیاترە خاوەنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییە و خاوەنی سەرچاوەكانی وزەیە، بەڵام كارەبا بۆ هاووڵاتییەكانی دابین ناكات.

سەرەڕای نەبوونی كارەبا، حكومەتی هەرێم نەوت و غازیش زۆر لەسەرووی نرخی بازاڕی جیهانیەوە بەهاووڵاتییەكانی دەفرۆشێت، ئەمە لە حاڵێكدا خۆی خاوەنی پاڵاوتگە و نەوتی خاو و غازی خۆیەتی.

لە هەرێمی كوردستان ئێَستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی بە 255 هەزار دینارە بە واتای 170 دۆلار، لەحاڵێكدا نرخی باشترین جۆری نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 80 بۆ 85 دۆلارە.

ڕەئیسی گەیشتە سنە
پێت ڕەئیسی گەیشتە سنە
كار بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆری ئەوروپادا دەكرێت
دوات كار بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆری ئەوروپادا دەكرێت
پەیوەنیدر