وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە،
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند ، ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسای بودجە دەکرێن پەیوەندییان بە وەزارەتی داراییەوە نییە و دەشڵێت، هەندێک پەرلەمانتار لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵیاندا هەندێک بابەت باس دەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانی یەکناگرنەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە ، وەزارەتی دارایی دووپاتیدەکاتەوە کە سوورە لەسەر بەردەوامیی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش لە رێگەی دیدار و سەردانەکانی پەرلەمانتاران و گفتوگۆکردن لەبارەی بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلی عێراق بەبێ جیاکاریی، “بەڵام هەندێک پەرلەمانتار بابەتی بەرتەسک و سنووردار باس دەکەن کە لەگەڵ خواستی راستەقینەی بەرژەوەندیی نیشتمانی یەکناگرنەوە و دوورە لەو بابەتانەی لە دەزگاکانی راگەیاندن باسی دەکەن، ئەمەش بۆ راکێشانی سۆزی جەماوەر و رای گشتییە.”
وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، “وەزارەتەکەمان بەرپرس نییە لەو زانیاری و لێدوانە نادروستانەی کە لەلایەن هەندێک پەرلەمانتار بڵاودەکرێنەوە،ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسای بودجە دەکرێت پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، بەوپێیەی پرۆژەکە ئێستا تەنیا و تەنیا لە بەرپرسیارێتی پەرلەمانە”.
وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات رەچاوی بابەتی و پیشەییانە بکەن لە بەدواداچوونەکانیان و دڵنیابن لە سەرچاوەی فەرمی کە لای هەمووان ناسراوە.