سەركردەیەك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرای دەكات، كە گفتوگۆكانی لیژنەی دارایی و پارتی بەردەوامن بۆ گەیشتن بە چارەسەری ناكۆكییەكانی ناو بودجە سەبارەت بە هەناردەی نەوت و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
جاسم محەمەد جەعفەر، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، هێزەكانی چاورچێوەی هەماهەنگی دواین كاتیان داوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ لیژنەی دارایی تاوەكو كاتژمێر 8ی ئەمشەوی پێنج شەممە.
ڕاشیگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی، ئاگاداری پارتی-یان كردۆتەوە، كە ئەگەر ڕێككەوتن بكرێت یان نەكرێت ئەوا دەچن بۆ تەواو كردنی نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگ لەسەر بودجە دەدەن.
وتوشیەتی، “بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیە تا ئێستا، ڕێككەوتن كراوە لەسەر بابەتی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەلام بابەتی نەوت لەڕووی هەناردەی لەڕێگەی سۆمۆوە و دانانی پارەكەی لە بانكی ناوەندی لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە ماوەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك تیایدا نەكراوە”.
ئەو سەركردەیەی نزیك لە مالكی ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هەموو حاڵێكدا ئەمشەو دەنگ دەدرێت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ سێ ساڵی.
بڕیار بوو كاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمان كۆببێتەوە بۆ پەسەند كردنی بودجە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێككەوتنی تەواو نەكرابوو لەسەر ئەو ماددانەی پارتی ڕەخنەی لەسەریان هەیە، بۆیە كۆبوونەوەكە دواخراوە بۆ كاتژمێر 8:30ی ئەمشەو.
لای خۆشیەوە، د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەۆرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە كاتژمێر 8ی ئەمشەو كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی گۆڕانكارییان تێدا كراوە لە بودجەدا.