بەپێی دوایین رەشنووسی گۆڕانکاریی مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجە، هەندێک گۆڕانکاریی کراون، ئەو گۆڕانکارییانە لەلایەن بەشێک لەلایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی خراونەتە بەردەم فراکسیۆنی پارتی .
ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2023 کراوە، حکومەتی عێراق 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بە هەمان میکانیزمەکانی نەوتی عێراق هەناردەی دەکات و دەیفرۆشێت، ئەگەر ئەوە نەکرا بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، عێراق تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە دەگرێتە ئەستۆ و دوو هەژماری بانکی دەکاتەوە، یەکێکیان بۆ دانانی داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، ئەوی تریان بۆ دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و سەرۆکوەزیران بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و رێگەپێدانی وەزیری دارایی دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت.
گۆڕانکارییەکان بریتین لەمانە:
– مادەی 13:
بڕگەی دووەم – ا :
هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بە بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی کۆمپانیای “سۆمۆ” لە بەندەری جەیهانی تورکی و بە بڕێک کە رۆژانە لە 400 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر نەبێت، بەپێی داتاکانی مانگانە کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دوای پەسندکردنی لەلایەن وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە بەهەمان نرخ و میکانیزمەکانی پشت پێبەستراو لەلای “سۆمۆ” وە هەناردە دەکات و داهاتەکانی دەبنە داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتی.
بڕگەی دووەم – ب:
ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمییەوە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنەوەی ئەو بڕە نەوتانەی کە لە بڕگەی “ئەلف”ـی ئەم مادەیە ئاماژەی بۆ کراوە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بەکارهێنانی لەنێوخۆدا بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات.
بڕگەی دووەم – ج”
وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوە ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێنرێت و لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بەپێی بڕگەی “ئەلف” و “بێ” لەم بڕگەیە دیاریکراوە، بەو مەرجەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلی نەوت لەلای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و جارانی ئەو بڕە بەرمیلانە بکرێت کە بەپێی ئەم بڕگەیە وەرگیراون.
– مادەی 14:
یەکەم:
ئەلف- کۆی داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراو یان فرۆشراو لەنێوخۆدا ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەم هاتوون لە یەک هەژماری بانکی دا دەبێت کە لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە و سەرجەم ئەو داهاتانەی لە هەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانیانەوە بەدەست دێت بەبێ لێبڕین دادەنرێت و سەرجەم هەژمارەکانی هاوشێوەی دادەخرێن.
ب- وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ئەو خشتانەی تێیدایە و لە هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پشت پێبەستراو بێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یان هەر کەسێک لە شوێنی ئەو رێگەپێدراو دەبێت و دەسەڵاتی ڕاکێشانی لەو هەژمارە هەیە، بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ملکەچی چاودێریی دارایی حکومەتی ناوەندی و دیوانی چاودیری دارایی فیدڕاڵی دەبێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بودجە دەکات و، دوێنێ (چوارشەممە، 7-6-2023) لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا بکەن.