لقی سلێمانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی ڕایدەگەیەنن، لاوەند چوارباخی، كە قسەی لەسەر كامێرای (پۆینت تو پۆینت) كردووە، مەلا نییە و نەخوێندەوارە و دەشڵێت: “ئەنجوومەنی فەتوامان هەیە و ئەم بابەتانە ئیشی ئەوانە”.
لقی سلێمانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، بەداخەوە چەند ڕۆژێكە كەسێكی نەخوێندەوار دوور لە هیچ پێگە و ئاستێكی زانستی خۆی كردۆتە موفتی و نەخوێندەوارانە كەوتۆتە قسەی زل كردن لەسەر كامێراكانی تیژڕەوی كە بە (كامێرای پۆینت تو پۆینت) ناسراوە و دەیەوێت جۆرێك لە شەرعیەتی پێ بدا.
ڕاشیانگەیاندووە، كەسانی نابەرپرس لە سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتی كەوتونەتە بێڕێزیكردن بەرامبەر زانایانی ئایینی بەگشتی بەبێ ئەوەی بزانن لە كوردستان ئەنجوومەنی فەتوامان هەیە و ئەم بابەتانە و هەر جۆرە پرسێكی تری هەستیاری كۆمەڵگە ئیشی ئەوانە بەپێی تایبەتمەندی قسە و فەتوای لەسەربدەن نەوەك كەسانی نەخوێندەوار و دوور لەپێگەی مەلایەتی.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، بە پێوستمان زانی بۆ هەموو لایەكی ڕون بكەینەوە ئەو كەسە كە خۆی بە (لاوەند چوارباخی) ناساندوە هیچ پێگە و مەلایەتیەكی نیە و خاوەنی هیچ جۆرە وەزیفەیەكیش نیە لە وەزارەتی ئەوقاف و هیچ ئەندامێتیەكی لەناو یەكێتی زانایانیش نیە.
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “هیوادارین سنوری نەخوێندەواری خۆی لەوە زیاتر نەبەزێنی و نەمانباتە ناو سەرجەم بابەتە كەسیەكانی خۆیەوە. پێی دەڵێین بەقەدەر كراسەكەی بەری خۆی هەڵبكێشێ هەروەك پەندەكوردییەكە دەڵێت (خۆت هەڵبكێشە پڕ بەكراسێ لە جێگایەكدا هیچ كەس نەتناسێ)”.