زۆر خۆراك و خواردەمەنی و تەنانەت سەوزە و میوەی ئامادەكراومان بیستووە و بینیوە و خواردوویشە، بەڵام هێلكەوڕۆنی ئامادەكراو!! خۆراكێكی دەگمەن و لانیكەم لای خۆمان نییە.
مێركادۆنا كە بریتییە لە زنجیرەیەك سۆپەرماكێتی ئیسپانیا، (هێلكەوڕۆنی ئامادەكراو)ی ئامادەكردووە و وەك خۆراكێكی (حازربەدەست) خستویەتیە بازاڕەكانەوە.
هێلكەوڕۆنەكە بە ئامادەكراوی خراوەتە پاكەتی بەستەرەوە بەجۆرێك كە بۆ گەرمكردنەوە بگونجێت و هەركاتێك هەر كەسێك برسیی بوو دەتوانێت لە مایكرۆیێڤ-دا گەرمی بكاتەوە و بیخوات.
ئەم كارەی ئەو زنجیرە سوپەرماكێتەی ئیسپانیا ناڕەزایی توندی لێكەوتووەتەوە بەتایبەت لەناو چالاكوان و ژینگەپارێزەكاندا و پێیانوایە دەبێتە هۆی (تەمبەڵبوونی هێلكەوڕۆن خۆرەكان) چونكە ئیدی خەڵكی سەریتێدەكەن و ئەو كەمە وەختەی كە بە هێلكەوڕۆنەوە دەجووڵێن، نامێنێت! هەروەها فاكتەری (پیسبوونی ژینگە)یشە چونكە دەفرە پلاستیكییەكانی فڕێدەدەرێن و بەمەیش ئەوەندەی تر بڕی خۆڵوخاشاك زیاتر دەكات.
هۆكارێكی تری ناڕەزایی خەڵك لەم هێكەوڕۆنە ئامادەكراوە، ئەوەیە كە تەنیا (دووهێلكەی سوورەوەكراو) بە 1،80 یورۆیە لەكاتێكدا یەك تەبەق هێلكەی كاڵ بەو نرخەیە!!