لەسەر بانگھێشتی فەرمی سەرکۆماری ئەو وڵاتە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئازەربایجان دەکات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە نێچێرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە عێراق، نەسیر مەمدۆف.
راشیگەیاندووە؛ لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئازەربایجان تاوتوێ کراوە.
ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕا بوون کە زەمینە و دەرفەتی باش ھەن بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان بەتایبەتی لە بواری ئابووریی، بازرگانیی و گەشتیارییدا، لەوبارەیەوە باسیان لە دەستپێکردنی پرۆسەی کردنەوەی کۆنسولخانەی ئازەربایجان لە ھەرێمی کوردستان و رێکاری پێویست کردووە کە پێشتر لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرکۆماری ئازەربایجان لە میونخ بڕیاری لێ درابوو.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ باکۆ کە بڕیارە لەسەر بانگھێشتی فەرمی سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلھام عەلیێڤ ئەنجامی بدات.