ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی ئێرانای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، بە ئامادەبونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە مەراسیمێکدا یەکەم موشەکی بالیستی دەنگبڕی بەرهەمهێنراوی ئەو وڵاتە ئاشکرا کرا.
موشەکەکە ناوی “فەتاح”ە و دەتوانێت پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بڕوات، ئەمەش وا دەکات بەرپەرچدانەوەی قورس بێت.
ئەدمیڕاڵ حاجیزادە بەرپرسی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، موشەکی فەتاحی دەنگبڕ مەوداکەی دەگاتە هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر و لە توانایدایە سەرجەم قەڵغانە بەرگرییەکان ببڕێت.
تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، موشەکی فەتاحی ئێران دەتوانێت سیستمە پێشکەوتووەکانی بەرگری موشەکی ئەمەریکا و سیستمی ئایرۆن دۆمی ئیسرائیل بکاتە ئامانج و پێشکەوتنێکی گەورەیە لە بواری موشەکی دا.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای دژایەتی کردنی لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاوە، ئێران ڕایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی زیاتری پڕۆگرامی بەرگریی موشەکی وڵاتەکەی.
پار ساڵ ئێران ئاشکرای کرد، موشەکێکی بالیستی دەنگبڕی دروستکردووە کە دەتوانێت لە دەرەوە و ناوەوەی هەوادا بفڕێت.