جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دڵخۆش نییه به‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێم و دەشڵێت: “ته‌حه‌داكانی به‌رده‌م كوردستان ئێستا گه‌وره‌تر و زه‌قترن”.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازی كرد له ئۆلیڤییه دیكۆتینێ، كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له هه‌رێمی كوردستان و له كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا دوا پێشهات و گۆڕانكارییه سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و پرسی پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی عێراق تاوتوێ كران.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم،، سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی ڕایگه‌یاندووە، “دڵخۆش نیم به‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێم و پێویست بوو په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان باشتر بوایه، به‌تایبه‌ت ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كات زیاتر كورد پێویستیی به یه‌كده‌نگی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی خۆی هه‌یه، چوونكه ته‌حه‌داكانی به‌رده‌م كوردستان ئێستا گه‌وره‌تر و زه‌قترن”.
ڕاشیگەیاندووە، “هێشتا كات له‌به‌رده‌ستدا ماوه بۆ ئه‌وه‌ی به له‌به‌رچاوگرتنی مه‌ترسییه‌كان، لایه‌نه‌كان بگه‌ن به ڕێككه‌وتن و یه‌كده‌نگی به‌شێوازێك كه له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا بگونجێت”.
سه‌باره‌ت به پێگه‌ی هه‌رێم له به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان هه‌رێم و به‌غداش، وتی، “ئه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌گوزه‌رێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه پێویسته به‌ر له‌هه‌ر شتێك ناوماڵی خۆمان رێكبخه‌ین، ئه‌وكات ده‌توانین له به‌غدا به‌هێزتر و یه‌كگرتووتر ده‌ركه‌وین و پێكه‌وه باشتر به‌رگری له ماف و شایسته ده‌ستورییه‌كانمان بكه‌ین”.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، “بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌م یه‌كده‌نگییه بگه‌ین، ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان پێداچوونه‌وه به هه‌ڵوێسته‌كانماندا بكه‌ینه‌وه”.