حاکم د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیە سکاڵایان بەدەست گەیشتووە لە لایەن ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەبارەت بە کامێراکانی پۆینت توپۆینت، ئێستا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە وردەکاری گرێبەستی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سکاڵاکان لەسەر کۆمپانیای خاڵ بۆ خاڵی هاتوچۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراو لە داواکاری گشتی سکاڵا تۆمار کراوە، وە هاتۆتە لای ئێمەش، لێکۆڵینەوەیەکی ئوسوڵیمان کرد و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆمان بانگکرد و سەرجەم گرێبەستەکانمان داواکردووە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم وتیشی: دیارە (اعتراض) ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر خودی دانانی کامێراکان نییە، بەڵکو لەسەر چەند خاڵێکە لەوانە بۆچی ئەو کارە دراوەتە کەرتی تایبەت؟ ئایا نەدەکرا حکومەت خۆی بیکات؟ یاخود ئایا کەرتی تایبەت مافی هەیە لەوەی غەرامە دیاری بکات؟ ئێمە پاش ئەوەی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆمان بانگکرد بابەتەکەمان (تحویل) ی هەولێر کردووە، چونکە ئەو شوێنەی گرێبەستەکەی تێدا کراوە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوان هیچ لارییان نەبوو و وتیان لە ئیشەکانی خۆمان بەردەوام دەبین.
راشیگەیاند: ئەگەر قەزیەکە چووە دادگا و لێکۆڵینەوەی تێدا تەواو بوو ئەو کاتە بڕیاری دادگا هەرچیەک بوو ئەوان پێوەی پابەند دەبن.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێم راشیگەیاند، بنەمای دانانی کامێراکان باشە، بەڵام ئەگەر گرێبەستەکە کەموکورتی تێدابێت دوو خاڵ دەستنیشان کرابوون داوامان کردبوو هەمواری بکەنەوە، یەکێک لەوانە پێدانی پێشەکی پارەکەیە بە ئەوان، چونکە ڕێککەوتنەکە بەو جۆرەیە لە نێوان ئەو کۆمپانیایە و حکومەت کە لە ساڵێکدا کۆمپانیاکە تەواوی خەرجییەکانی خۆی وەردەگرێتەوە و 80% داهاتەکە بۆ کەرتی تایبەت بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و 20% ی بۆ حکومەت دەبێت لە دوای تەواوبوونی ئەو پارەیەی کە خەرجیکردووە ئەو کۆمپانیایە ئیتر گرێبەستەکە دەگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی خزمەتگوزاری، واتە ئەوان تەنها صیانە دەکەن و 20% وەردەگرن.
وتیشی بەدڵنیاییەوە من وەکو ڕای کەسی خۆم پێمخۆشە ئەو ئیشانە حکومەت خۆی بیکات، بەڵام کە حکومەت نایکات و دەیداتە کەرتی تایبەت ڕەنگە لە (صلاحیات) ی گرێبەستەکە زۆر کێشە نەبێت، بەڵام لە وردەکارییە کێشەکە هەبێت ئەو بابەتە ئێستا لای ئێمە لە لێکۆڵینەوەیە ئەگەر زانیمان کەموکورتیەکی جددی هەیە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەو کاتە ڕاسپاردەی خۆمان دەکەین بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ هەمواری ئەو خاڵانەی کە پێویستە هەموار بکرێنەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە حاڵەتی ئەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە ڕاستن ئایا ئێوە دەتوانن چی بکەن؟
حاکم ئەحمەد ئەنوەر: ئێمە وەکو دەزگایەکی چاودێری چەکی دەستی ئێمە یاسایە ئەگەر ڕاسپاردەکان لەسەر ئەوە بوو چەند بەندێک لە گرێبەستەکە هەموار بکرێنەوە ئەوە بەدڵنیاییەوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین و پێشبینیش دەکەین وەزارەتی ناوخۆ پابەند بێت بە ڕاسپاردەی ئێمەوه.
ئایا دەکرێت گرێبەستەکە هەڵبوەشێتەوە؟
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم وتیشی: بۆ ئەو گرێبەستە پێویستمان بە بڕیارێک لە دادگایە، ئێستا بابەتەکە لە دەستەی دەستپاکییە و نەچۆتە دادگاکان ئەگەر زانیمان پێویست دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە دەچێتە دادگا، وەکو دەزانرێت پرۆسەی دادگاییکردن پرۆسەیەکی خاو ولەسەر خۆیە و چەندین مانگ دەخایەنێت.
هەروەها وتی: ڕای هەردوولا وەرگیراوە و ڕای ئەو خەڵکەش وەرگیراوە کە سکاڵاکەی کردووە هەم سکاڵاکار و هەم کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەو لایەنە فەرمیەش کە گرێبەستەکەی کردووە لە دوای تەواوبوونی بابەتەکە ئێمە لە هەر بارێکدا بشکێتەوە هەوڵدەدەین بەو شێوەیە بێت و ئەنجامەکەشی ڕادەگەیەنین.
ئایا کۆمپانیاکان نزیک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانن؟
حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتی ئێمە وەکو دەزگایەکی چاودێری لەسەر چۆنیەتی گرێبەستەکە و دەسەڵاتی گرێبەستەکە کە وەزیری ناوخۆش ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرگرتووە ئینجا دێینە سەر بەندەکانی گرێبەستەکە، ئێمە لە کوردستان دەژین و زۆر واقیعیشە دوور نییە ئەو کۆمپانیایە لە لایەنێکەوە نزیک بێت، بەڵام من بۆخۆم زانیاریم لەسەری نییە ڕەنگە ئەوە زۆر بابەتێکی گرنگ نەبێت.
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی دەستپاکی باسیلەوەشکردووە، ئەوەی گرنگە ئەو کۆمپانیایە خزمەتگوزاری دەکات دەبێت ئەو خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی یاسابەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا بێت، بەدڵنیاییەوە هەموو کۆمپانیایەکیش بۆ قازانج دەیکات، ئەگەر ئەو بابەتە ڕاست بێت یان ڕاست نەبێت گریمانەیەکە و ڕێی تێدەچێت، بەڵام ئێمە کێشەمان لەسەر ئەوەیە خودی گرێبەستەکە چۆنە و ئایا چ خزمەتێک پێشکەش دەکات و ئایا لە دوای تەواوبوونی ئەو بابەتە حکومەت چۆن سوودمەند دەبێت لەو پرۆسەیە؟ پرۆسەکە تازە دەستیپێکردووە .
هەروەها فازل حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لە ئێستادا کە لە شەقامی سەد و بیست مەتری هەولێر دانراوە، پێشتر ئەو شوێنە ڕۆژ نەبوو ڕووداوی تێدا ڕوونەدات، بەڵام ئەوە ماوەی دوو مانگە دامانناوە یەک ڕووداوی هاتووچۆ ڕووینەداوە، بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەم پێشتر بەربەستی کۆتایی شەقامەکەمان چەندین جار نۆژەنکراونەتەوە، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە، بەڵام ئێستا ڕووداو ڕووینەداوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە نییە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاند: ئەو کامێرایانە(خاڵ بۆ خاڵ) هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ کامێراکانی پێشووی هاتوچۆ، هەروەک چۆن ئایفۆن مۆدێلی نوێ و ڤێرژنی نوێی هەیە ئەم کامێرایانەش مۆدێل و ڤێرژنی نوێی کامێرای هاتوچۆن.